ژمارەی قوربانییانی زه‌ویخزانه‌كه‌ی هیندستان گەیشتە 160 كه‌س

زه‌ویخزان له‌ هیندستان
زه‌ویخزان له‌ هیندستان

زه‌ویخزانه‌كه‌ی باشووری هیندستان زیانێكی زۆری گیانی و ماددی لێ كه‌وته‌وه‌‌؛ ئه‌و ڕووداوه‌ سروشتییه‌ له‌ ناوچه‌یه‌ك ڕووی داوه‌، كه‌ بە چاندنی جۆره‌كانی چا به‌ناوبانگه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌، 30ـی ته‌ممووزی 2024، زه‌ویخزانێك له‌ باشووری هیندستان ڕووی دا و له‌ ئه‌نجامدا، تا ئێسته‌ مردنی 160 و برینداربوونی 400 كه‌سی دیكه‌ سەلمێنراوە.

به‌رپرسانی هیندستان ڕوونیان كردووه‌ته‌وه‌، زه‌ویخزانه‌كه‌ به‌هۆی بارانی به‌خوڕه‌وه‌ بووه‌. ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕووداوی له‌م شێوه‌یه‌یه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ ڕوو ده‌دات.

ڕووداوه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی وایاندا ڕووی داوه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كی به‌ پیتی به‌رهه‌مهێنانی جۆره‌كانی چایه‌ و گوزەرانی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ی لەسەرە  و یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ره‌كیترین ناوچه‌كان كه‌ حكوومه‌ت بۆ داهات سوودی لێ ده‌بینێت.

چوارشه‌ممه‌، 31ـی ته‌ممووزی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: "زۆر دڵتەنگ بووم بە بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی ڕووچوونی زەوی لە شاری وایاناد لە هیندستان. هەست و بیرم لەگەڵ قوربانییەکان و بنەماڵەکانیاندایە".

سەرۆکوەزیران ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کاتە سەختەدا بە هاودەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی و گەلی هیندستان دەوەستێتەوە".

Fly Erbil Advertisment