پۆلیسی هەولێر کەسێکی بە تۆمەتی هەڕەشەکردن دەستگیر کرد

K24 – هەولێر:
لە درێژەی هەڵمەتی پۆلیسی پارێزگاری هەولێر بۆ نەهێشتی چەکی بێمۆڵەت، تۆمەتبارێک دەستگیر کرا کە وێڕای هەڵگرتنی چەندین جۆری چەک، هەڕەشەی لە چەند هاووڵاتییەکی دیکە کردبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد: تۆمەتبارێکی بە ناوی (ا. خ. ج) کە ناوی لە خوی ناوە (عەنتەر) بە ڕەگەز عەرەب لەدایکبووی 1992 دەستگیر کرد، کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو و هاووڵاتییەکی ئاوارەی عەرەبی بریندارە کردووە کە دانیشتووی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە بوو لە سنووری پارێزگای هەولێر و هەروەها هەڕەشەی لە چەندین ماڵیش کردبوو، جگە لەوەش بە چەقۆ لە دادخوازێکی دابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە: دوای ئەم تاوانە، تۆمەتبارەکە هەڵاتبوو بۆ پارێزگای موسڵ و لەوێ ڕۆژانە، لە ڕێگای سۆشیالمێدیا بە چەک خۆی نمایش دەکرد و هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاش کۆکردنەوەی زانیاری، تۆمەتبارەکە دەستگیر کرا.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت: تۆمەتبار دانی نا بە تاوانەکەی و ئامادەی پێش دادوەری لێکۆڵینەوە کرا، دادوەریش بڕیاری دا بە ڕاگرتنی تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددەی 405 بڕگەی 31 لە یاسای سزادان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کرابوو: کە تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لە زیاتر لە 15 ماڵی عەرەبی ئاوارە کردبوو لە کۆمەڵگای کانی قرژاڵە، دوای دەستگیرکردنیشی، سەرجەم ماڵەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.