کرمانج عوسمان: حکوومەتی عێراق لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان کەمتەرخەمە

کرمانج عوسمان، پسپۆری تاوانە نێودەوڵەتییەکان
کرمانج عوسمان، پسپۆری تاوانە نێودەوڵەتییەکان

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی تاوانە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات "حکوومەتی عێراق هەمیشە پرسی جینۆسایدکردن و قەرەبووکردنەوەی کەسوکارەکانیان بە پرسی سیاسی دەبەستێتەوە".

کرمانج عوسمان، پسپۆڕی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: حکوومەتی عێراق تا ئێستە  بەرامبەر بە دۆزینەوەی ڕووفاتی قوربانییان، کەمتەرخەمە.

ئەو پسۆڕەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکاتەوە، هەروەها ئەوانەشی دەستیان هەبووە لەم تاوانە پێویستە دادگایی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەینرێن، بەڵام ئەوەی دەبیندرێت حکوومەتی عێراق لە بابەتی دادگاییکردنەکەش کەمتەرخەمە.

ئاماژەی بەوە کرد: تاوەکوو ئێستە حکوومەتی عێراق هیچ بودجەیەکی بۆ بارزان تەرخان نەکردووە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی، هەروەها حکوومەتی عێراق پرسی جینۆسایدکردن و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان بە پرسی سیاسی دەبەستێتەوە.

جەختی لەوەش کردەوە: ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی پێشووی عێراق کردوویەتی، تاوانی نێودەوڵەتین، ساڵانە کە حکوومەتی عێراق بودجە دادەنێت هیچ کاتێک لە بودجەکەدا بڕگەیەک دانانێت کە تایبەت بێت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.

بارزانییەکان بەر لەوەی بەر هەڵمەتی ئەنفال بکەون، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران، لەساڵی 1978 بەشێکیان لە زێدی خۆیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی دیانا، هەریر، بەحرکە و گۆڕەتوو، لەژێر کۆنترۆڵی توندی سەربازی کۆکرانەوە و مەبەستەکەش ئامادەکردنیان بوو بۆ قۆناغی دواتر کە لەناوبردنیان بوو. هەروەها لە ساڵی 1980 ژمارەیەکی دیکەیان لە ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپەوە بەمەبەستی لەنێوبردنیان لە هەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە، نیشتەجێ کران.

بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی ڕژێمی بەعس لەکۆتایی مانگی تەمموز و سەرەتای ئابی ساڵی 1983، هێزێكی گەورە و پێکهاتوو لە هێزەكانی فەرمانگەی ئەمنی هەولێر و فەوجەكانی فریاکەوتن و هێزەكانی حەرەس جمهوری بە شێوەیەكی زۆر نهێنی  گەمارۆی ئەو كۆمەڵگا زۆرەملێیانەی كە بارزانییەكان تێیدا نیشتەجێ بوون، دا و دواتر بە سێ قۆناغ دەستگیریانیان کرد.

قۆناغی یەكەم: 31/7/1983 کۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو كۆمەڵگای زۆرەملێی قودس و قادسیە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.

قۆناغی دووەم: 10/8/1983 كۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگای هەریر و دیانا و بەحركە و لادێكانی مێرگەسوور.

قۆناغی سێیەم: 1/10/1983 جارێکی دیکە بە شێوەیەکی چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردووگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە جارەکانی تر دەربازیان ببوو ئەوجارە دەستگیر کران.

ئەوەی زیاتر ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنێت نووسراوێكی فەرمی  بەڕێوەبەری ئەمنی گشتییە بە ژمارە 84 لە ڕێكەوتی 29ـی ئاداری 1989، بۆ سكرتێری سەرۆكایەتیی كۆمار ناردوویەتی و تێیدا دووپاتی دەكاتەوە "كە لە بەیانی ڕۆژی 1ـی ئابی ساڵی 1983 دا لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئەمنی گشتیی "د.فازل براك" هێزێكی سەربازی سەر بە حەرەس جمهوری، كۆمەڵگەكانی "قودس و، قادسیە لە قوشتەپە" كە بۆ خێزانە بارزانییەكان دروست كرابوو گەمارۆ دراوە و دەست گیراوە بەسەر هەموو ئەو پیاوە بارزانییانەی تەمەنییان لە پازدە ساڵ بەرە و ژوور بووە و بە ئۆتۆمبیلی گەورە گواستراونەتەوە بۆ بەغدا.

Fly Erbil Advertisment