باسم عەوادی: ئیسرائیل سەروەریی وڵاتان پێشێل دەکات
وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، گوتەبێژی حکوومەتی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل سەروەریی وڵاتان پێشێل دەکات و گاڵتە بە یاسای نێودەوڵەتیی دەکات.
چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراقی لەبارەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران گوتی: ئەو هێرشەی ئیسرائیل تاوانکارییەکی دیکەیە کە کردیە سەر تاران و بووە هۆی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس.
عەوادی بەناوی حکوومەتی عێراقییەوە دەڵێت: ئیسرائیل سەروەریی وڵاتان پێشێل دەکا و گاڵتە بە یاسای نێودەوڵەتی دەکات. کوشتنی کەسایەتییە سیاسییەکان هەوڵێکە بۆ هەڵکردنی ئاگری شەڕ و فراوانکردنی کە دەبێتە هۆی مەترسییەکی گەورە.
عەوادی ئاماژە بەوە دەکات "عێراق چەندین جار هۆشداریی لەبارەی هێرشەکان داوە، لە بۆنە جیاوازەکانیش داوای هەڵوێستێکی توندی لە دامەزراوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەستە نێونەتەوەییەکان و وڵاتە گەورەکان کردووە، بۆ ڕێگەگرتن لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل کە دەبێتە هۆی نائارامی ناوچەکە و ئاسایشی گەلان".
عەوادی گوتی: داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی وڵاتان.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران، ڕاگەیاند.
حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.
لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.
حکوومەتی ئێران وەک ڕێزگرتن، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.