ناتانیاهۆ: هەر کەسێک دەست بۆ ئیسرائیل درێژ بکات خوێنی دەڕژێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشی ڕاستەوخۆیان کردووەتە سەر حەماس، حزبوڵلا و حووسییەکانی یەمەن. جەختی لەوەش کردەوە، ملکەچی هیچ فشارێک نابێت بۆ وەستاندنی جەنگ.

چوارشەممە، 31ـی تەمووزی 2024، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دوێنێ جێگری نەسروڵلامان کوشت کە بەرپرسیار بوو لەسەر هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانمان.هەروەها هەر کەسێک زیانمان پێ بگەیەنێت یان گەلەکەمان کۆمەڵکوژ بکات، تۆڵەی لێ دەکەینەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد "لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشی ڕاستەوخۆیان کردووەتە سەر حەماس، حزبووڵلا و حووسییەکانی یەمەن". باسی لەوەش کرد "ملکەچی هیچ فشارێک نابن بۆ وەستاندنی جەنگ".

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە: هەر کەسێک دەست بۆ ئیسرائیل درێژ بکات، خوێنی دەڕژێت.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران، ڕاگەیاند.

حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.

لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.

حکوومەتی ئێران وەک ڕێزگرتن، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.