41 ساڵ بەسەر ئەنفالکرانی بارزانییەکان تێ دەپەڕێت؛ "حکوومەتی عێراق قەرەبووی قوربانییانی کوردستانی نەکردووەتەوە"

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق و محەممەد ئیحسان، پسپۆڕی بواری ئەنفال
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق و محەممەد ئیحسان، پسپۆڕی بواری ئەنفال

K24 – هەولێر:

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق و پسپۆرێکی بواری ئەنفال، لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا، ڕایانگەیاند: حکوومەتی عێراق تا ئێستە، قەرەبووی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانی نەکردووەتەوە. هاوکات دەڵێن: جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مووچەی شەهیدانی هەرێم و عێراقدا هەیە.

لە دەستپێکدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ دادگه‌ی عێراقی یه‌كلا بووه‌ته‌وه و په‌رله‌مانیش په‌سەندی كردووه‌‌ كه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌تی عێراق داوای لێبووردن له‌ گه‌لی كوردستان بكات به‌رانبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ ڕابردوودا دژ بە گەلی کورد کراون، به‌ڵام عێراق ئاماده‌ نییه‌ داوای لێبووردن بكات.

باسی لەوە کرد: یاسایه‌ك هه‌یه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، به‌ڵكوو پڕۆژه‌یاسایه‌ك ئاماده‌ كراوه‌، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاساكه‌ی پێشوو.

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "سه‌باره‌ت به‌م پرۆژه‌یاسایه‌، هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ به‌غدا نووسراوێكیان ئاراسته‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و فراكسیۆنه‌كان و ده‌زگه‌ی شه‌هیدانی عێراقییان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ تێ نه‌په‌ڕێندرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: هه‌وڵیان داوه‌ لۆبیی كوردستانی بۆ پرسی جینۆساید دروست بكه‌ن، هەروەها عێراق نایه‌وێت قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی كوردستان بكاته‌وه‌.

جەختی لەوەش کردەوە "حكوومه‌تی هه‌رێم خزمه‌تی كه‌سوكاری شه‌هیدانی كردووه". هاوکات گوتیشی: نابێت جیاوازی له‌نێوان كه‌سوكاری قوربانییانی هەرێم و عێراق بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێجنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: له‌ ده‌ستووردا زامنی مافی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كراوه، حکوومەتی عێراق قەرەبووی سەرجەم زیانلێکەوتوانی ناوچەکانی خۆی کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستە نەچووەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی لێجنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد "دیدگەی حکوومەتی فیدراڵ بەرانبەر قەرەبووی دەستی بەعس ئەرێنی نییە".

ناوبراو باسی لە هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی: هەموارکردنەوەی یاساکە یەکێک بووە لە مەرجەکانی کورد بۆ هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە پێکهێنانی حکوومەتی ئەم جارەی عێراق، بە هەموارکردنەوەی یاساکە، کە مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون، کە هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بن، مووچەیان لەگەڵ شەهیدانی عێراق هاوتا دەکرێت و قەرەبووش دەکرێنەوە.

جەختی لەوەش کردەوە: هەوڵیان داوە تەنیا کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە بەڵکو ئەوانەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. ناوبراو گوتی: بەپێی هەمواری یاساکە مووچەی کەسوکاری شەهیدانی سەنگەر لە 500 هەزار دینارەوە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار.

شوان کەلاری گوتیشی: "لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵین و خەریکین دیدگەکان یەک دەخەینەوە بۆ ئەوەی مووچەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لە ئاستی عێراق یەک بخرێت."

لەلایەن خۆیەوە محەممەد ئیحسان، پسپۆری بواری ئەنفال، دەڵێت: به‌غدا به‌رانبه‌ر پرسی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی كوردستان كه‌مته‌رخه‌مه و كاری پێویست بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان نه‌كراوه. باسی لەوە کرد "جیاوازییەککی زۆر لە مووچەی شەهیدێک لە هەرێمی کوردستان و شەهیدێک لە بەغدا هەیە".

ئەو پسپۆڕەی بواری ئەنفال، گوتی: یاسای دامەزراوەی شەهیدان بۆیە هەموار ناکرێتەوە، چونکە حکوومەتی عێراق وای دەبینێت لە بەرژەوەندی ئەودا نییە.

جەختی لەوەش کردەوە: نوێنەرانی کورد لە بەغدا کەمتەرخەم بوونە بەرانبەر پرسی قەرەبووکردنەوەی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان.

بارزانییەکان بەر لەوەی بەر هەڵمەتی ئەنفال بکەون، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران، لەساڵی 1978 بەشێکیان لە زێدی خۆیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی دیانا، هەریر، بەحرکە و گۆڕەتوو، لەژێر کۆنترۆڵی توندی سەربازی کۆکرانەوە و مەبەستەکەش ئامادەکردنیان بوو بۆ قۆناغی دواتر کە لەناوبردنیان بوو. هەروەها لە ساڵی 1980 ژمارەیەکی دیکەیان لە ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپەوە بەمەبەستی لەنێوبردنیان لە هەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە، نیشتەجێ کران.

بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی ڕژێمی بەعس لەکۆتایی مانگی تەمموز و سەرەتای ئابی ساڵی 1983، هێزێكی گەورە و پێکهاتوو لە هێزەكانی فەرمانگەی ئەمنی هەولێر و فەوجەكانی فریاکەوتن و هێزەكانی حەرەس جمهوری بە شێوەیەكی زۆر نهێنی  گەمارۆی ئەو كۆمەڵگا زۆرەملێیانەی كە بارزانییەكان تێیدا نیشتەجێ بوون، دا و دواتر بە سێ قۆناغ دەستگیریانیان کرد.

قۆناغی یەكەم: 31/7/1983 کۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو كۆمەڵگای زۆرەملێی قودس و قادسیە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.

قۆناغی دووەم: 10/8/1983 كۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگای هەریر و دیانا و بەحركە و لادێكانی مێرگەسوور.

قۆناغی سێیەم: 1/10/1983 جارێکی دیکە بە شێوەیەکی چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردووگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە جارەکانی تر دەربازیان ببوو ئەوجارە دەستگیر کران.

ئەوەی زیاتر ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنێت نووسراوێكی فەرمی  بەڕێوەبەری ئەمنی گشتییە بە ژمارە 84 لە ڕێكەوتی 29ـی ئاداری 1989، بۆ سكرتێری سەرۆكایەتیی كۆمار ناردوویەتی و تێیدا دووپاتی دەكاتەوە "كە لە بەیانی ڕۆژی 1ـی ئابی ساڵی 1983 دا لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئەمنی گشتیی "د.فازل براك" هێزێكی سەربازی سەر بە حەرەس جمهوری، كۆمەڵگەكانی "قودس و، قادسیە لە قوشتەپە" كە بۆ خێزانە بارزانییەكان دروست كرابوو گەمارۆ دراوە و دەست گیراوە بەسەر هەموو ئەو پیاوە بارزانییانەی تەمەنییان لە پازدە ساڵ بەرە و ژوور بووە و بە ئۆتۆمبیلی گەورە گواستراونەتەوە بۆ بەغدا.

Fly Erbil Advertisment