سێ گومانلێکراوی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ئەمەریکا دانیان بە تاوانەکانیاندا نا

خالید شێخ محەممەد پلاندارێژەری هێرشەکانی 11 سێپتەمبەری 2001، لە 1ی حوزەیرانی 2003 لە پاکستان دەستگیرکراوە
خالید شێخ محەممەد پلاندارێژەری هێرشەکانی 11 سێپتەمبەری 2001، لە 1ی حوزەیرانی 2003 لە پاکستان دەستگیرکراوە

دوای 21 ساڵ لە دەستگیرکردنی، خالید شێخ محەممەد و دوو لە هاودەستەکانی لە گرتووخانەی سەربازیی ئەمەریکا (گوانتانامۆ)ی کوبا ڕازی بوون دان بە تاوانەکانیاندا بنێن کە پلانداڕێژەری هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001ی ئەمەریکا بوونە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆن) تەنیا ڕایگەیاندووە، ئەو سێ تۆمەتبارە ڕازی بوون دان بە تاوانەکانیاندا بنێن بۆ ئەوەی سزاکەیان سووک بکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە بدرکێنێت.

هەر لەم بارەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاوی کردووەتەوە، بە دڵنیاییەوە دانپێدانان بە تاوان لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزای لەسێدارەدانە.

بەرپرسەکە گوتوویەتی: مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەرانبەر بەوەی سزای لەسێدارەدانیان لەسەر هەڵبگیرێت و بکرێت بە زیندانی تاهەتایی، دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.

خالید شێخ محەممەد کە بە تۆمەتباری سەرەکی و بە پلاندارێژەری هێرشەکانی 11 سێپتەمبەری 2001 ناسراوە لە 1ی حوزەیرانی 2003 لە پاکستان دەستگیر کراو بە یەکێک لە کۆنترین زیندانییەکانی گرتووخانەکە دادەنرێت.

گرتووخانەی ئەمەریکا کە لە ساڵی 2002ـەوە بە فەرمانی جۆرج بۆش سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا کرایەوە و هەموو ئەو تۆمەتبار و گومانلێکراوانەی هێرشەکانی 11 سێپتەمبەری تێدا زیندانی کراوە، کۆی زیندانییەکانی گرتووخانەکە 800 کەس بوون، بەڵام ئێستا تەنیا 30 زیندانی تێدا ماوەتەوە.

Fly Erbil Advertisment