ئەو 10 سەرکردە دیارەی حەماس کە پێش هەنییە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون

ئیسماعیل هەنییە، ڕۆژی چوارشەممە لە تاران کوژرا
ئیسماعیل هەنییە، ڕۆژی چوارشەممە لە تاران کوژرا

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕایگەیاند "هەواڵگری 'مۆساد'ـی ئیسرائیلی میژوویەکی دوور و درێژی لە کوشتنی سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی حەماس هەیە". ئەو سەکردە دیارانەی حەماس کە بەدەستی ئیسرائیل کوژراون بریتین لەوانە:-

یەحیا حەیاش

لە 5ـی کانوونی دووەمی 1996، یەحیا حەیاش سەرکردەیەکی لیواکانی عزەددین قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، بە تەقینەوەی مۆبایل لە غەززە تیرۆر کرا، هەروەها دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل "شین بیت" بە کوشتنی ئەو ئەندازیارە تۆمەتبار کرا.  ئیسرائیل بە "ئەندازیاری ئۆپەراسیۆنە خۆکوژییەکان" ناوی دەبرد.

سەلاح شەحادە

سەڵاح شەحادە دامەزرێنەری باڵی سەربازی حەماس بوو، لە 22ـی تەمموزی 2002، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر ماڵی شەحادە، کەبووە هۆی کوژرانی 15 هاووڵاتی مەدەنی، لەنێویاندا خۆیی و هاوسەرەکەی و کچەکەی و هەشت منداڵی دیکەی کوژران.

ئیسماعیل ئەبو شەنب

ئیسماعیل ئەبو شەنب یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حەماس و سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەکە بووە، لە 22ـی ئابی 2003، ئیسرائیل بە مووشەک ئۆتۆمبیلەکەی پێکا و کوشتی.

ئەحمەد یاسین

لە بەرەبەیانی 22ـی ئاداری 2004، لەوکاتەی شێخ ئەحمەد یاسین لە نوێژی بەیانی لەغەززە دەگەڕایەوە ماڵەوە، ئیسرائیل بە هێلیکۆپتەر هێرشی کردە سەری و کوشتی.

عەبدولعەزیز ڕەنتیسی

دوای کەمتر لە مانگێک، عەبدولعەزیز ڕەنتیسی، شوێنگرەوەی شێخ یاسین لە سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەکەدا، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا تووشی هەمان ڕووداو بووەوە.

شێخ خەلیل

لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا، ئەو بەرپرسەی لیواکانی عزەددین قەسام، بە تەقاندنەوەی ئۆتومبیلەکەی بۆمبڕێژکراوەکەی، کوژرا.

نزار ڕەیان

نزار ڕەیان، یەکێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییە دیارەکانی بزووتنەوەکە بوو، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2009 لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئیسرائیلدا کوژرا، کە هاوکات چوار ژنەکەی و 10 منداڵیشی کوژران.

مەحمود ئەلمەبحوح

مەحمود ئەلمەبحوح، یەکێک لە بەرپرسە سەربازییەکانی بزووتنەوەکە، لە 20ـی کانوونی دووەمی 2010، لە ژووری هۆتێلێک لە دوبەی بە کوژراوی دۆزرایەوە. بزووتنەوەکە و پۆلیسی ئیمارات، سیخوڕەکانی ئیسرائیلیان تۆمەتبار کرد بەکوشتنی، گوایە بە بەکارهێنانی پاسپۆرتی بیانی ساختە و گەشتیاریی لە فڕۆکەخانە جیاوازەکانی ئەورووپاوە هاتوون.

ئەحمەد جەعبری

ئیسرائیل لە 14ی تشرینی دووەمی 2012، جێگری فەرماندەی گشتیی لیواکانی قەسام، ئەحمەد جەعبری، لەڕێگەی هێرشێکی مووشەکییەوە لە ئۆتۆمبیلەکەی دا و کوشتی.

سالح ئەلعاروری

دوای چەند مانگێک لە سەرهەڵدانی شەڕی ئۆکتۆبەری 2023 لە کەرتی غەززە، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە، ساڵح ئەلعاروری و ژمارەیەک لە هاوەڵەکانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل لە غەززە کوژران.

Fly Erbil Advertisment