بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی: ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ نابێتەوە

محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک

بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک ڕەتی دەکاتەوە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ ببێتەوە و دەڵێت، لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی ڕێککەوتنیان نەکردووە. 

پێنجشەممە، 01-08-2024، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تاوەکوو ئێستا لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنامەیەکی کۆنکرێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتیی خۆجێیی".

دوێنێ چوارشەممە، 31-07-2024، وا بڵاو کرابووەوە کە فراکسیۆنی یەکێتی ڕێککەوتنی لەگەڵ هەندێک لایەنی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنەکە کۆ ببێتەوە؛ محەممەد کەمال ڕەتی کردەوە ئەمڕۆ ئەنجوومەنەکە کۆببێتەوە و گوتی: ئەو هەوڵانە بێبنەمان و ئەوەی بانگەشەی بۆ کرا، پێموایە چاوبەستییەک بوو، چونکە بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەو ڕێککەوتنانە نادەستوورین و کەموکوڕتییان تێدایە.

 

 

یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

پێنجشەممە، 11-07-2024، دوای نزیکەی هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجـوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ئەنجوومەنەکە بۆ جاری یەکەم بە بەشداریی هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان کۆ بووەوە. ڕاکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک وەکوو بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە، سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی کرد.

بە گوێرەی یاسا، دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ماوەی مانگێک مۆڵەت دەدرێتە لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانی ڕێک بکەون.

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:

1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)

2. عەرەب: شەش کورسی

3. تورکمان: دوو کورسی

4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان