شرۆڤەکارێکی سیاسی: دادگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بێدەنگن

شرۆڤەکارێکی سیاسی لە تاران دەڵێت، تاوەکوو ئێستە دادگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرانبەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل، بێدەنگیان هەڵبژاردووە؛ ئێرانیش بەتوندی بەرپەرچی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە دەداتەوە.

د. محەممەد حوسێن خەلیل، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای زیاتر لە 10 مانگ لەکۆمەڵکوژیی و دەستدرێژی و خوێنڕشتنی بەردەوامی بەرەی گەل، لە لایەن ئیسرائیلەوە، کاریگەریی خراپی هەبووە، ئەمە وێڕای بێدەنگیی دادگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆیە ئێستا دەرفەت هاتووەتە پێشەوە بۆ سزادانی ئیسرائیل".

شرۆڤارە سیاسییەکە گوتیشی: ئێمە لەبەردەم پێشهاتێکی نوێ داین، هەروەها دەستدرێژیی دەکرێتە سەر ئەو وڵاتانەی سەروەریان هەیە، یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکرێت، ناکرێت کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا قبوڵ بکات.

باسی لەوەش کرد، سەرجەم ئەو گرفتانەی لە عێراق و سووریا و فەڵەستین ڕوودەدەن، بەهاوکاری ئەمەریکایە، دەشڵێ: ئێستا ئەمەریکا بووەتە تۆپەڵێکی ئاگر شوێنی خۆی لەوبەر بۆ ئەوبەر دەگۆڕێت، هەروەها ئیسرائیلیش سنوورەکانی بەزاندووە، بۆیە داوا لە ئێران دەکرێت بەرپەرچییان بداتەوە.

محەممەد حوسێن، ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکەین خۆپیشاندان بەو هۆیەوە بەڕێوە بچێت. داواش لە خامنەیی کراوە بەرپەرچی لایەنی بەرامبەر بداتەوە. هەروەها سەرکردە سەربازییەکان ڕاسپێردراون بۆ ئەو مەبەستە، چونکە دەستدرێژییەکە لەسەر خاکی ئێران بووە و کەسایەتییەکی دیاریش کوژراوە؛ تەنانەت هاوپەیمانی نێودەوڵتیش لە عێراق هێرشی کردووە و پێشبینی سیناریۆی نوێش دەکرێت.

جەختیشی کردەوە، یان ئێران و حزبوڵڵا و بەرەی مقاوەمەی عێراق و یەمەن بە جیا هێرش دەکەن، یانیش حزبوڵڵا لەڕێگەی بەرەی مقاوەمەی لایەنێکی دیاریکراوەوە ئەو هێرشە دەکاتە سەر ئیسرائیل، یاخود لەتەواوی بەرەکانەوە بەتێکڕایی هێرش دەکەن.

 

Fly Erbil Advertisment