حەسەن جەباری: تایبەتمەندیی کابینەی نۆیەم کردار و چاودێرییە

حەسەن جەباری، چاودێری سیاسیی دەڵێ: ئەوە تایبەتمەندییەی کابینەی نۆیەم هەیەتی، ئەوەیە کە ستراتیجییەتی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کردووەتە کرۆکی پرۆژەکانی.

گوتیشی: ئەم کابینەیەی حکوومەت، هەروەک چۆن لە سەرەتاوە کارنامەی خۆی لە پەرلەماندا خستە ڕوو، پابەندبووە بە جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەبێ جیاوازیی پارێزگایەک لەگەڵ پارێزگایەکی دیکەی یان دەڤەر لەگەڵ دەڤەرێکی دیکە.

ئەم چاودێرە سیاسییە کە لە سلێمانییەوە میوانی بوڵتەنی کوردستان24 بوو، ڕایگەیاند "ئەوەی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت، تەنیا گوفتار نییە. بەڵکو، کردار و چاودێریشە، چونکە هەر بڕیار و بەڵێنێک بدرێت، چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت تاوەکوو جێبەجێ دەکرێت". گوتیشی: سەردانەکەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ لە نزیکەوە چاودێریکردنی پرۆژەکان جێی بایەخە، لە نێویاندا پرۆژەی دروستکردنی شەقامی 100 مەترییە کە بۆ شاری سلێمانی پرۆەیەکی گرنگ و ستراتیجییە.

هەروا گوتی: ئەوەندەی من ئاگادارم لە دیدارەکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان بەڵێنی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی دیکەش دراوە و خەڵکیش دەبینن لەو کارنامەیەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی پێشکەشی پەرلەمانی کرد و لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتییانی سلێمانی و هەڵەبجە و شوێنەکانی دیکە داوە، خاڵ بە خاڵ جێبەجێ دەکرێن.

گوتیشی: ئەوەم من زانیومە لەم سەردانەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سلێمانی و دەڤەرەکە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ حکوومەتە خۆجێیەکان شۆڕکراوەتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ باشتر و زیاترکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە تایبەت بۆ پارێزگای سلێمانی. هەر بۆیە، ناکرێت لە گۆشە نیگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەیری حکوومەت و جێبەجێکردنی پرۆژەکان بکرێت، بەڵکو دەبێت واقیعبینانە سەیری بەرجەستە و جێبەجێکردنی پرۆژەکان بکرێت.

هەروەها لە ڕووی ستراتیجییەوە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە خزمەت بە هاووڵاتییان لە هەموو بوارەکاندا گشتیی بکات، هەر لە دروستکردنی بەنداوەکان و دابەشکردنی مووچەوە، هەر بۆیە ئەم حکوومەتە، حکوومەتی خەمخۆری هاووڵاتییانە.