ئەمەریکا بۆ ئێران و حزبوڵلای لوبنان: وەڵامی ئیسرائیل نەدەنەوە

سەرۆکوەزیرانی قەتەر (ڕاست) و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (چەپ)
سەرۆکوەزیرانی قەتەر (ڕاست) و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (چەپ)

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕێگەی قەتەرەوە داوا لە ئێران و حزبوڵلای لوبنان دەکات وەڵامی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوکر، نەدەنەوە.

پێنجشەممە، 01-08-2024، تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریکی، لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە محەممەد بن ڕەحمان، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کردووە چەند پەیامێک بە دەسەڵاتدارانی ئێران و حزبوڵلای لوبنانی بگەیەنێت.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوە ئەمنییانەی قسەیان بۆ "سی ئێن سێن" کردووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەری گوتووە، داوا لە ئێران و حزبوڵلای لوبنان بکات، وەڵامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوکر نەدەنەوە، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەسەر زاری سێ بەرپرسی ئێرانی ڕایگەیاندووە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی کردووە، هێزەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی وڵاتەکەی ڕاستەوخۆ وەڵامی هێرشە خوێناوییەکەی ئیسرائیل بۆ تاران و کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، بدەنەوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، چەند کاتژمێرێک دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، لە کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیدا، خامنەیی فەرمانەکەی دەرکردووە.

بەرەبەیانی چوارشەممە، 31-07-2024، لە هێرشێکدا لە تارانی پایتەختی ئێران، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس و پاسەوانێکی لە شوێنی مانەوەیان لە تاران کوژران.

ئێوارەی سێشەممەش، 30-07-2024، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر گەڕەکی باشووری بەیرووت و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و یەکێک لە سەرکردەکانی حزبوڵڵای لوبنانی بە ناوی 'فوئاد شوکر' کوشت.

Fly Erbil Advertisment