وادەی تیروپشکی وەرگرتنی فەرمانبەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەنرا

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی 11-08-2024، تیروپشکی وەرگرتنی 43 هەزار فەرمانبەر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
پێنجشەممە، 01-08-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕۆژی یەکشەممە، 11-08-2024، کۆمیسیۆن تیروپشکی وەرگرتنی فەرمانبەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات".
تیروپشکەکە لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت؛ بە گوتەی غەلای، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنەکە پێویستی بە 43 هەزار فەرمانبەرە لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕوونیشی کردەوە "ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لە تیروپشکەکە دەردەچێت، لەسەر چۆنییەتی دەنگدان و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنەکە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت".
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24، لە سنووری پارێزگای هەولێر، 32 هەزار، سلێمانی 40 هەزار و دهۆکیش 38 هەزار کەس بە ئۆنلاین داواکارییان بۆ بوون بە فەرمانبەری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: 32 کورسی
2. سلێمانی: 36 کورسی
3. دهۆک: 24 کورسی
4. هەڵەبجە: سێ کورسی
(کۆی گشتی: 95 کورسی)
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: دوو کورسی
2. سلێمانی: دوو کورسی
3. دهۆک: یەک کورسی
4. هەڵەبجە: سفر کورسی
(کۆی گشتی: 5 کورسی)