ئومێد خۆشناو بۆ کوردستان24: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەم زووانە هاوکاری زیانلێکەوتووانی قەیسەریی هەولێر دەکات

K24 – هەولێر:
پارێزگاری ههولێر زانیاری گرنگ لهبارهی قهرهبووكردنهوهی دووكاندارانی بازاڕی قهیسهریی ههولێر ئاشكرا دهكات و ئهوهش دەخاتە ڕوو كە سهرۆكی حكوومهتی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە لەسەر هێلە بۆ هاوکارییکردنی زیانلێکەوتووانی بازاڕەکە.
بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر، یەكێكە لەو دەیان بازاڕەی هەولێر و كەركووك و دهۆك كە لە لایەن باندێكی سەر بە پەكەكە و یەكێتی لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا سووتێندران و بەهۆیەوە سەدان دووكاندار زەرەرمەند بوون.
لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ کوردستان24 گوتی: "نۆژهنكردنهوهی بازاڕی قهیسهری لهسهر فهرمانی سهرۆكوەزیرانی مەسرور بارزانی زۆر بهپهله دهستی پێكردووە، بڕی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژهنكردنهوهكه خەرج دهكرێت. پرۆسەكە له ماوهی دیاریكراوی خۆیدا زووتر تهواو دهبێت. بۆ ئەم مەبەستەش دوو كۆمپانیا به بهردهوام و به چهند شهفتێك كاری لهسهر دهكهن".
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو دووكانانەی بازاڕەكە، بۆ ساڵی 2023 له 50%ـی باج بەخشراون و بۆ ساڵی 2024یش له 100%ـی باج دهبهخشرێن. جگە لەوەی له كرێی خاشاك و پارهی كارهبا و لۆگۆ بهخشراون. ئهوانهی كرێچیی حكوومهتیشن له بهشێكی كرێكانیان دهبهخشرێن، هەروەها ”بۆ بابهتی هاوكاریكردنیان، سهرۆكی حكوومهت بهرنامهیهكی ههیه و لهم نزیكانهدا هاوكاریی ئهم خهڵكه دهكرێت.“
پارێزگاری هەولێر جەختی كردەوە كە جگه لهو كارانهی بۆ نۆژهنكردنهوهی دووكانەكان و بازاڕەكە كراوە، سهرۆكی حكوومهت بهرنامهیهكی ههیه تاوەكوو هاوكارییان بكرێت. گوتیشی: "بۆ ئێمە وەك پارێزگار و حكوومهت، ئهوانه كهسوكاری ئێمهن، چیان پێویست بێت له خزمهتین".
شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.
دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.
ڕۆژی (1ـی تەمموزی 2024) هەردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە بەغدا، ئاشکرایان کرد دەستێک لەپشت ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکان بووە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانیشیان ڕاگەیاند.
لە پرۆسەیەکی وردی هەواڵگری نێوان هەولێر و بەغدا، کە دامودەزگاکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لە هەماهەنگییەکی تەواودا بوون لەژێر ڕاسپاردە و سەرپەرشتی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، بۆ ئەوەی هۆکاری ئەو هەموو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە گوماناوییانە ئاشکرا بکرێن.
لەلایەن خۆیەوە، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.
هەروەها هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، توانرا دەستمان بگات بە تۆڕێکی تاوانکاری کە لە ماوەی ڕابردوو زیانێکی زۆریان بەهاووڵاتییانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە گەیاندووە کە ئامانجەکەی لێدانە لە ئابووریی هاووڵاتییان، توڕەکردنی خەڵک و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت تێک بدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (6ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی دوای ڕووداوی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بوو، سەردانی بازاڕەکەی کرد و چاوی بە زیانلێکەوتووانی ئاگرەکە کەوت و جەختی کردەوە لەسەر ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ ئەوەی بزانرێت ئەگەر دەستێکی خراپکاری لە پشتەوەی ڕووداوەکەیە، بە سزای یاسایی بگەیەنرێت و ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی.