لە هەولێر چوار وێستگەی نوێی پێوانەكردنی كوالێتی هەوا دادەنرێت

K24 – هەولێر:
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی دا لەسەر دانانی چوار وێستگەی نوێی پێوانەكردنی كوالێتی هەوا لە هەولێر.
2ـی ئابی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی دا لەسەر دانانی چوار وێستگەی نوێی پێوانەكردنی كوالێتی هەوا لە هەولێر، ئەویش لە رێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەتمەند پاش تاوتوێكردنی چەندین دەرخستەی جیاوازی كۆمپانیا پەیوەندیدارەكان بە پێوانەكردنی كوالێتی هەوا لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێرەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: دانانی ئەم چوار وێستگەیە پاش تەواوكردنی رێكارە كارگێڕییەكان هەنگاوێكی گرنگە بۆ پێوانەكردنی بڕ و جۆری پیسكارەكانی هەوا بە وردیی و زانستییانە لەپێناو دیاركردن و لادانی سەرچاوە سەرەكییەكانی پیسكردنی هەوا بەپێی ڕادەی كاریگەرییان و خێراكردنی ڕێگەچارەكان.