ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەر دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:
بڕیارە ئەمشەو دوای کاتژمێر 9 تەرمی 13 سەرنشینی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگەڕێندرێنەوە هەولێر.
لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە 8ـیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و 5ـی دیکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە هەولێر.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای کاتژمێر 9ـی تەرمی کۆچبەرەکان دەگاتەوە هەولێر، هاوکات بەشێک لە کەسوکاریان سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ کارئاسانیکردن لە هێنانەوەی تەرمی کۆچبەرەکان.
هاوکات هەر لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەت تەرمی ئەو کۆچبەرانەی کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن دەنێردرێنەوە زێدی خۆیان و هەر لە ڕۆژهەڵات بە خاک دەسپێردرێن.
ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.
دوای تێکشکانی بەلەمەکە کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا لە ناوچە لامپێدوسا، هەر زوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی کرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کارئاسانی بۆ هێنانەوە تەرمی قوربانییانی تێکشانی یەختەکە بکەن و بەدواداچوونیش بۆ بێسەروشوێنان بکەن.