هاووڵاتییانی تورکیا داوا دەکەن پەنابەرە سوورییەکان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان

هاووڵاتییانی تورکیا، ڕق و کینەیەکی زۆریان بەرامبەر بە بیانییەکان هەیە و داواکارن بیانییەکان لە وڵاتەکەیان بڕۆنە دەرەوە بە تایبەتیش سوورییەکان، پێیان وایە ئەوان بوونەتە هۆی خراپیی دۆخی ئابوورییان. ئەمە لە کاتێکدایە بەشێکی زۆری پەنابەران پارەی وڵاتەکەی خۆیان دەهێنن و لە تورکیا خەرجی دەکەن.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەران، ژمارەی ئەو سوورییانەی کە دۆخی پاراستنی کاتییان لە تورکیا بۆ تۆمارکراوە، بە بەراورد بە مانگی پێشوو تا 25ی تەمموزی 2024، حەوت هەزار و 739 کەس کەمی کردووە و کۆی گشتیی گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 105 هەزار و 539 کەس. بەوەش گەیشتووتە نزمترین ئاست لە ساڵی 2017وە تا ئێستە.

هاووڵاتیانی تورکیا ناڕازین لە بوونی پەنابەران بە تایبەتیش سوورییەکان وداواکارن لە وڵاتەکەیان برۆنە دەرەوە، چونکە بە هۆی زیاد بوونی کێشەکانیان دەزانن.

ئەنوەر ئاک ئایدن، بەرپرسی شوێنە گەشتیارییەکانی کاپادوکیا بە کوردستان24 دەڵێت: سوورییەکان وایان کرد ئێمە ڕقمان لە هەرچی بیانییە بێتەوە. بەراستی هەرچی شتی خراپە دەیکەن و شەڕ دەفرۆشن، پێویست بووکاتی خۆی لە سەر سنوور شوێنێکیان بۆ دروست بکرایە و لەوی بوونایە. ئەردوغان هەموویانی هێناوەتە ئێرە. پێش چەند ڕۆژێک  چوومە ئەدەنە و میرسین هەموویان سووریی بوون".

ئەحمەد شاهین، باس لەوە دەکات  "ئەفغانی و سوورییەکان وایان کردووە ئەوانەی وەکوو گەشتیار دێنە وڵاتەکەمان ئێتر نەیەن، پێشتر ئەنتالیا و ئەلانیا بایەخی خۆی هەبوو بۆ گەشتیار، بەڵام ئیستە سووری و ئەفغانی لەوین و بە شورت و مایۆوە دەگەڕێن کە گەشتیارێکش دەبینن بەم شێوەیەک چاو زەق دەکەنەوە و سەیریان دەکەن".

بە پێ ئامارەکان جگە لە پەنابەرە سوورییەکان. تا 13ی حوزەیرانی 2024 ژمارەی ئەو بیانیانەی لە تورکیان و مۆڵەتی مانەوەیان هەیە ملیۆنێک و 128 هەزار و 169 کەس بووە.

ئەستەنبوڵ  لە پلەی یەکەمدایە و 556 هەزار و 578 بیانیی تێدایە. ئەنتاڵیا لە دوای ئیستەنبوڵ لە ڕیزبەندی دوومدایە مۆڵەتی مانەوەی بە 117 هەزار و 52 کەس داوە. کە بەشێکی زۆریان بە مەبەستی گەشتیاری و بە سەربردنی کات ڕوو لە تورکیا دەکەن، هاووڵاتییان لە و بڕوایەدان بوونی پەنابەران ئارامی گەشتیارەکانیشی تێک داوە.

گولەی گۆرکان، هاووڵاتی دەڵێت: ئەوانەی وکوو گەشتیار دێن کێشەمان نییە لە گەڵیان بەڵام ئەوانەی لێرە دانیشوون پێویستە بڕۆنەوە لە بەر ئەوی ئابووریی وڵاتەکەمانیان خراپ کردووە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە توركیادا نزیکەی 5 ملێون پەنابەر دەژین، هاوکات ئامارە نافەرمیەکان باس لە بوونی 10 ملیۆن پەنابەردەکات لە تورکیا کە نێوەی زیاتری سوورین و لەم ولاتەدا دەژین خراپیی باری ئابووریش وای کردوە هاووڵاتیانی تورکیا چیتر حەز بە بوونی بیانیەکان نەکەن وبە هۆی زیاد بوونی کێشەکانیان دەزانن.