دوای 10 ساڵ لە جینۆساید؛ کوردانی ئێزدی ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان

پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە و ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە تراژیدیاییە تێ دەپەڕێت.
هێرشەکەی داعش لە 2014 بۆ سەر شنگال؛ کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران ئێزدی
لە هێرشەکەی ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە دەرەوە.
بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێدایک و باوک بوون.
هەر بەهۆی هێرشەکەوە، زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارە بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
هەر بە پێی ئامارەکان، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا، سێ ھەزار و 579 کەسیان ڕزگارکراون و زیاتر لە دوو هەزار و 600 ڕفێندراوی دیکەیش ھێشتا بزرن و چارەنووسیان نادیارە.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.
دۆخی شنگال و ئێزدییەکان دوای نۆ ساڵ لە هێرشەکەی داعش
بەھۆی پەلامارەکانی داعشەوە بۆسەر قەزای شنگال، زیانی زۆری ماددەی بە ژێرخانی قەزاکە کەوت و ژمارەیەک زۆری خانوو ڕووخان و ژمارەیەک مەزارگەی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە تەقێندرانەوە.
ڕۆژی 13ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەست پێ کرد و لە میانی 24 کاتژمێردا، شنگال کۆنترۆڵ کرایەوە.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەسە؛ بەهۆی دۆخی شنگالەوە ئێستا زۆرینەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانیان دەژین.
خەڵکی شنگال ئاماژە بەوە دەکەن، بوونی گرووپە چەکدارەکان، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامی، هۆن کە نەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هاوکات، هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەیان جددی نییە.
ڕێککەوتنامەی شنگال
ڕۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێریی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووتری عێراق لە شاری بەغدا مۆر كرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش: هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ، حكوومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات، دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ، كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی، هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت و هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.
تاوەکو ئێستا، ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ نەکراوە و کوردانی ئێزیدی حکوومەتی عێراق بە بەپرسیار دەزانن لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال و دەرکرنەدنی هێزە چەکدارە نایاساییەکانی وەکو پەکەکە و حەشدی شەعبی و دەڵێن، "حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و دەرکردنی گرووپە نا شەرعییەکان جیددی نییە و ئامادە نییە بەرژوەندییەکانی ژمارەیەک کەس و لایەن بکاتە قوربانی".
سەرباری هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڵێنەکانی حکوومەتی عێراق بۆ دەرکردنی گرووپ و میلیشیاکان لە شنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 20 هەزار چەکداری گرووپە جیاوازەکان لە شنگال جێگیرکراون، بەرپرسانی کارگێڕی شنگال، دەڵێن: گرووپە چەکدارەکان بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و شوێنێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی گرووپەکان.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆی سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم، بۆ "بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ" گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، "بەداخەوە تا ئێستا بەناوی ئاوەدانكردنەوە، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت." جەختیش لەوە کراوەتەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."