شەمیرانی: جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال ڕەهەندێکی هەرێمی هەیە
شیروان شەمیرانی چاودێری سیاسیی دەڵێ: ڕێککەوتننامەی شنگال ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و حکوومەتی عێراق بە هۆی ناکۆکییەکانی نێو پێکهاتەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتووەتە ژێر کاریکگەریی سیاسییەوە و ناتوانێت جێبەجێی بکات.
شیروان شەمیرانی دەشڵێت: داعش ئێستا وەک ڕێکخراوێکی سیاسیی- فیکری لە عێراق هەر ماوە، بەڵام وەک جاران هێز و ناوچەی و دەسەڵاتی نەماوە تەنیا ئەوەی هەیە پاشماوەکانی چەکدارانی داعشە، هەربۆیە چالاکییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی کردە و پەلاماردانی چەکدارییەکانە، چونکە توانای داگیرکاری نەماوە. بەڵام هۆکاری ئەوەی هێزەکانی عێراق تاوەکوو ئیستا نەیانتوانیوە بەسەر داعشدا بە تەواوی زاڵ بن ئەوەیە، کە ئایدۆلۆجیای ڕێکخراوەکە هەر ماوە و نەتوانراوە بە جوانی چارەی بکەن، هۆکارەکەشی ئەو ناکۆکی و شەڕە مەزهەب گەراییە کە هەیە بووەتە ڕێگە خۆشکەر بۆ تەجنیدکردنی گەنجان.
گوتیشی: بە بڕوای من جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال ڕەهەندێکی هەرێمی هەیە و هەندێک لە وڵاتان و هێزە سیاسییەکان لەوانە، حەشدی شەعبی، گرووپەکانی نزیکن لە پەکەکە لەگەڵ ئێران بەرژوەندییان لەوە دایە و دەیانەوێت دۆخی شنگال هەروا بمێنیتەوە. ئەوانە نایانەوێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش وەک خاڵێک بۆ بێهێزکردنی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکی دیکەشی هەیە لەگەڵ تورکیا، سووریا و ناچەکە.
لە بارەی ئازادکردنی زیندانیانی داعش لە گرتووخانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، شەمیرانی دەڵێ: مەترسییەکی ئەمنییە چونکە پاشماوەکانی داعش هێشتا چەک بە دەستن و دزەکردنیان بۆ ئەو دیو سنوورەکان مەحاڵ نییە، دەشکرێت ئەو چەکدارانە بە ئاسانی بەکار بهێنرێن. ترسی سەرەکیش ئەوەیە ئەو چەکدارانە ببنە داردەستی هەواڵگریی چەند وڵات و لایەنێک دژ بە لایەنێک بەکار بهێنرێت.
هەروا ئاماژەی دا، ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال کە ساڵی 2020 کراوە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و بەڵام حکوومەتی عێراق بێ دەسەڵاتە لە جێبەجێکردنی، بێهێزییەکەشی لە هێزەوە نییە بەڵکو نەبوونی هاوسەنگییە لە نێو پێکهاتەی سیاسیی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمەشیان خستووەتە نێو ناکۆکییە سیاسییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.