حەیدەر شەشۆ: گرووپە نایاساییەکانی شنگال چەک و مووچە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال دەڵێ: بە داخەوە تاوەکوو ئێستاش نزیکەی %60 ی خەڵکی ڕەسەنی شنگال لە ئاوارەییدان و ئەو هێزانەشی عێراق بە نایاساییان دادەنێت، هەر خۆی مووچە و چەکیشیان پێ دەدات.
حەیدەر شەشۆ گوتی: تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیددی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال نەنراوە، تەنیا ئەوەی کراوە دانانی نزیکەی هەزار و 500 کەسی خەڵکی ڕەسەنی شنگالە لەنێو هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەڵام هیچ دەسەڵات و پشتیوانییەکیان نییە.
گوتیشی: لە کاتێکدا ئەمڕۆ 3ی ئاب لە دەیەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال هەموو بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان قسەیان لەسەر ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکەیە، بەڵام بەداخەوە لە واقیعدا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە. هەر ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ یادی 10 ساڵەی داگیرکردنی شنگال، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر یاسای لێبوردنی گشتیی دەکات، کە بەشێک لەوانەی بەر لێبوردنەکە دەکەون، ئەوانەن دەستیان بە خوێنی هاووڵاتییانی عێراق و ئێزدی سوور بووە، ئەمەش وەک ئەوە وایە ڕێککەوتنێکی پێشوەختە هەبێت بۆ ئەوەی لەم ڕۆژەدا پرۆژە یاساکە تێپەڕێنرێت.
لە بارەی بوونی هەڕەشە و گرووپە میلیشاکانی نێو شنگال، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان گوتی: ئەو هێزە نایاساییانەی حکوومەتی عێراق داوای دەرچوونیان دەکات لە شنگال، هەر ئەوانەن مووچە و چەک لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن، هەر ئەو هێزانەن لە ژێر فەرمان و دەسەڵاتی هێزە فەرمییەکانی عێراق دەجووڵێنەوە و بازگەی هاوبەشیان هەیە.
شەشۆ، هەروا گوتی: هەر ئەو هێزانەی کە عێراق بە نایاساییان دادەنێت، دوو ڕۆژ لەمەوبەر فەرمانگەی باری شارستانی شنگالیان پێچایەوە و گواستیانەوە بەعاج، تەنیا لەبەر ئەوەی هاووڵاتییانی ئێزدی و خەڵکی ڕەسەنی شنگال ناچار و چاو لە دەستی ئەوان بن. هەر ئەمانە و چەندین کار و ڕەفتاری دیکەی حکوومەتی عێراق وای کردووە خەڵکی ڕەسەنی شنگال نەتوانن بگەڕێنەوە، چونکە تاوەکوو ئێستا خزمەتکردنی خەڵکی شنگال نەبووەتە میحوەری کارو پرۆژەکانی حکوومەتی عێراق.