ڤیان دەخیل: سەدا 70ـی خەڵکی شنگال لە کەمپەکاندا دەژین

پەرلەمانتارێکی ئێزدی دەڵێت، حکوومەتی عێراق پرسی جینۆساییدی ئێزدییەکانی بە جیددی وەرنەگرتووە و کاری بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال نەکردووە، بۆیە ئێستەش سەدا 70ـی خەڵکی شارەکە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین.
شەممە، 03-08-2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە کوردی ئێزدییە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا جیددی نەبووە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال تاوەکوو ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان؛ بەهۆی بوونی هێز و گرووپی چەکدار لە دەڤەرەکە، سەدا 70ـی خەڵکی شنگال لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن.
ڤیان دەخیل گوتی: نەوەیەکی ئێزدییان، شنگالییان نەبینیوە. ئەوانەی لە ساڵی 2014 تەمەنیان ساڵێک یان دوو ساڵ بوو، ئێستا تەمەنیان 10 بۆ 11 ساڵە، هەر نازانن شنگال چییە و نەیانبینیوە. پێویستە حکوومەتی فیدراڵی ناخۆشییەکانی ئێمەی ئێزدی لەبەرچاو بگرێت و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات.
وەکو ئەوەی پەرلەمانتارە ئێزدییە باسی کرد "تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق قەرەبووی ئێزدییەکانی نەکردووەتەوە، لە کۆی هەشت هەزار دۆسیەی قەرەبووکردنەوە، حکوومەتی فیدراڵی تەنها قەرەبووی 20 خێزانی ئێزدی کردووەتەوە کە ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە و جێگەی قبووڵ نییە".
ڤیان دەخیل بە پێویستی دەزانێت،"دادگایی ئەو کەسانە بکرێت کە لەگەڵ چەکدارەکانی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کۆمەڵکوژکردنی کوڕ و کچانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری دەستیان هەبوو. هەروەها پێویستە کار بۆ گەڕاندنەوەی کچ و ژنانی ئێزدی لە دەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بکرێت".
بە گوتەی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی "حکوومەتی عێراق پرسی جینۆساییدی ئێزدییەکانی بە جیددی وەرنەگرتووە و خۆی لێ نەکردووەتەوە خاوەن. ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساندووە و هاوکاریی ئێمەی کردووە، کەچی حکوومەتی عێراق تاوەکو ئێستا بە فەرمی کۆمەڵکوژییەکەی بە جینۆساید نەناساندووە".
هێرشەکەی داعش لە 2014 بۆ سەر شنگال؛ کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران ئێزدی
لە هێرشەکەی ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە دەرەوە.
بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێدایک و باوک بوون.
هەر بەهۆی هێرشەکەوە، زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارە بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
هەر بە پێی ئامارەکان، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا، سێ ھەزار و 579 کەسیان ڕزگارکراون و زیاتر لە دوو هەزار و 600 ڕفێندراوی دیکەیش ھێشتا بزرن و چارەنووسیان نادیارە.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.
دۆخی شنگال و ئێزدییەکان دوای نۆ ساڵ لە هێرشەکەی داعش
بەھۆی پەلامارەکانی داعشەوە بۆسەر قەزای شنگال، زیانی زۆری ماددەی بە ژێرخانی قەزاکە کەوت و ژمارەیەک زۆری خانوو ڕووخان و ژمارەیەک مەزارگەی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە تەقێندرانەوە.
ڕۆژی 13ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەست پێ کرد و لە میانی 24 کاتژمێردا، شنگال کۆنترۆڵ کرایەوە.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەسە؛ بەهۆی دۆخی شنگالەوە ئێستا زۆرینەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانیان دەژین.
خەڵکی شنگال ئاماژە بەوە دەکەن، بوونی گرووپە چەکدارەکان، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامی، هۆن کە نەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هاوکات، هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەیان جددی نییە.