ڕێبەر ئەحمەد: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە هاوکاری و خزمەتکردنی ئێزدییەکان

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: جینۆسایدی ئێزدییەکان قۆناغێکی ڕەشە لە مێژووی نوێ. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە هاوکاری و خزمەتکردنی ئێزدییەکان. هاوکات گوتی: حکوومەتی عێراق تا ئێستە ڕێککەوتننامەی شنگالی جێبەجێ نەکردووە.

لە ئەڵمانیا یادی 10 ساڵەی جینۆساییکردنی ئێزدییەکان کرایەوە، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئەمڕۆ یادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەینەوە، جینۆسایدکردنەکەیان پێویستە وەک خۆی باس بکرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا: کاتێک داعش نەینەوای کۆنترۆل کرد و پەلاماری شنگالی دا، لە ئەنجامدا هەزاران ئێزدی چوونە سەر شاخی شنگال و، هەزاران ژن و کچی ئێزدیی بەدیل گیران، هەروەها بەشێکیان کرانە کەنیزە و بەشێکیان کوژران کە ڕازی نەبوون ئایینییان بگۆڕن.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە: جینۆسایدی ئێزدییەکان وەکو قۆناغێکی ڕەش لە مێژووی نوێدا ناوی دەهێنرێت، هەروەها بە کۆیلەکردنی ژن و کچانی ئێزدی ویژدانی مۆرڤایەتی هەژاند.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد: ئازادکردنی شنگال وەک هێمای خۆڕاگری بوو، بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ئازایانە توانیان شنگال ئازاد بکەن، لەو پێناوەشدا چەندەها شەهیدییان دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستی بۆ ئەو کەسانەی کە لەژێر دەستی داعش ڕزگار کراون.

ڕێبەر ئەحمەد، گوتیشی: حکوومەتی هەرێم 15 کەمپی دابین کرد بۆ ئەوەی کە 140 هەزار ئاوارەی ئێزدی لەخۆ بگرێت، هەروەها پێداویستییەکانیان بۆ دابین کراوە و دەیان هەزار ئێزدیش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەی ڕزگارکردنی ئیزدییەکانی دامەزراندووە، تاوەکوو ئێستە شەش هەزار کەسی تۆمار کردووە، هەروەها توانیویەتی نزیکەی سێ هەزار و 400 کەس بگەڕێنێتەوە و بە خێزانەکانیان شاد بکەنەوە.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: مانگی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەت بەرنامەی پاڵپشتی دارایی بۆ ئێزدییەکان ڕاگەیاند کەر نزیکەی 3 هەزار ڕزگاربووی دەستی داعش دەگرێتەوە، کە مووچەی مانگانەیان بۆ دابین دەکرێت، حکوومەت پابەندە بە بەدیهێنانی دادپەروەری و بە مامەڵەکردن بە ویژدانەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تاوانیان لەگەڵدا ئەنجام دراوە.

گوتیشی: حکوومەت یەکەیەکی دروست کردووە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر ئیزدییەکان و هەروەها شیکاریکردن لەسەر ئەو کەسانەی کە ڕزگاریان بووە.

لەبارەی ئاوادانکردنەوەی شنگال، ڕێبەر ئەحمەد، دەڵێت: بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری شنگال حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوتننامەی شنگالی واژۆ کردووە، ڕێککەوتنەکە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە بووە، بۆ ئەوەی هانی خەڵک بدەن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

ناوبراو ڕوونیکردەوە، تە ئێستە حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە. هاوکات داوا لە حکوومەت ئەڵمانیا دەکات کە ئێزدییەکان ڕەوانەی زێدی خۆیان نەکاتەوە، تا لەوە دڵنیا دەبێتەوە کە کەی ناوچەکانیان سەقامگیر و ئاوادان دەبێتەوە.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد: ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کردووە لە نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر، هاوکات بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پەناگە بۆ ئاوارەکان تا ئەو کاتەی بە ویستی خۆیان دەگڕێنەوە.

دووپاتی کردەوە، دەیانەوێت ناوچەکانی ئێزدییەکان لە گۆڕانکاری دیمۆگرافی بە دوور بێت. ڕێبەر ئەحمەد، گوتیشی: هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک پەناگەیەکی ئارام دەمنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەست توندوتیژی ڕادەکەن.

هەروەها سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە دڕندایەتی دژی ئێزدییەکانی وەک جینۆساید ناساندووە. هاوکات دەڵێت: ئەڵمانیا ڕۆلێکی گەورەی هەبووە لە هاوکاریکردنی ئێزدییەکان.

لەبارەی داعشەوە، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: داعش لە ڕووی سەربازییەوە تێکشکێنراوە، بەڵام لە ڕووی ئایدەلۆجییەوە داعش هەر ماوە و مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە.

جەختی لەوەش کردەوە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە هەموو مافەکانی ئیزدییەکانەوە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات لە هەموو ڕووێکەوە.

Fly Erbil Advertisment