ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە پێکهاتە ئێتنیکی و ئایینیەکان دووپات دەکاتەوە

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە بیرەوەری 10 ساڵەی کۆمەڵکوژکردنی ئێزیدییەکان لەلایەن داعش، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا، پابەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای دووپات کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە پێکهاتە ئێتنیکی و ئایینیەکان.
شەممە 3ـی ئابی 2024، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، لە بیرەوەری 10 سالەی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدیان لەسەر دەستی تیرۆرستانی داعش. قوربانیان و ڕزگاربووانی تاوانە قێزەوەنەکانی داعش لە بیرناکەن، دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی خۆڕاگڕیی کۆمەڵگەی ئێزیدیان بەرزڕادەگرین، بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان لە فشارکردن بە ئاڕاستەی دەستەبەرکردنی دادپەروەریی بۆ قوربانیان و سەپاندنی بەرپرسیارێتی بەسەر تاوانبارەکاندا.
کونسوڵخانەکە ڕایگەیاندووە کە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی دوپات دەکاتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە پێکهاتە ئێتنیکی و ئایینیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: لەگەڵ هاوبەشانمان لە حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی کاردەکەین بۆ برەودان بە گیانی یەکترقبوڵکردن و بەشداریپێکردنی هەمووان لە کایە گشتیەکاندا.