فوئاد حوسێن: پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت

K24 – فرانکفۆرت:
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دەکات، ڕێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەیە و پێویستە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەوە بەشێکە لە بەرنامەی حکوومەت.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەپێی ڕێککەوتنی شنگال، دەبێت شنگال بە دەست خەڵکەکەی بێت نەک هێزەکانی دیکە.
هەروەها گوتی: پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت کە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق واژۆ کراوە، چونکە ئەوە بەشێکە لە بەرنامەی حکوومەت، جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە کێشەی ئاوارەکان چارە دەکات و دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە.
سەرنی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەردەوامە بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بەچاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژووکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.
رێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازادکرد.
وەکو ئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، دوای سێ ساڵ لە واژووکردنی رێککەوتنی شنگال، "بەداخەوە هیچ هەنگاوێک نەچووینەتە پێش؛ ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە ئاوارە و خوشک و برایانی ئێزدی نەتوانن بگەڕێنەوە شنگال، لەبەر ئەوەی وەکو پێویست خزمەتگوزاری، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەیان نییە".
رێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە؛ بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.
رێبەر ئەحمەد گوتی، "هەمیشە داوامانکردووە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکاربووە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام بەداخەوە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی عێراقیش خەڵکانێک هەنە، رێگرن لەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت".