ئوردن داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بە زووترین کات لوبنان جێ بهێڵن

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، سەردانی لوبنان نەکەن، ئەوانەشی نیشتەجێی لوبنانن، بەزووترین کات خاکی ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.
وەزارەتی دەرەوە و کاروباری تاراوگەنشینانی ئوردن ڕایگەیاند، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن و لەبەر سەلامەتیی هاووڵاتییان، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئێستە گەشت بۆ لوبنان نەکەن.
وەزارەتی دەرەوە داوای لە "هاووڵاتییانی ئوردنی کە لە لوبنان نیشتەجێن، بە زووترین کات خاکی لوبنان بەجێ بهێڵن".
سەفیان قەزات، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە، دووپاتی کردەوە "ئەم ڕاسپاردەیە لە ڕوانگەی خۆپارێزییەوە دێت بۆ هەر پێشهاتێک لەبەر ڕۆشنایی دۆخی ناوچەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییان".
لەلایەکی دیکەوە دادوەرەکان بانگەوازی خۆیان بۆ هاووڵاتییانی ئوردنی نیشتەجێی لوبنان نوێ کردەوە کە ئەوپەڕی وریا بن و پابەندبن بەو ڕێنمایانەی لەلایەن دەسەڵاتی کارامەی لوبنانەوە دەرکراون.
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاند.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 30ـی تەممووز، کوژرانی فوئاد شوکر، سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنانی ڕاگەیاند.
کوژرانی ئەو دووانە، (هەنییە و شکور) ترسێکی گەورەی لە هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی خستووتەوە.