موسا ئەحمەد: سەرپەرشتی و ئیدارەی زیاتر لە 31 کەمپ دەکەین

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: ئێمە سەرپەرشتی و ئیدارەی زیاتر لە 31 کەمپ دەکەین و هەوڵمان داوە هەماهەنگێکی باش بین، ئەرک نەبووین بۆ حکوومەت، ئێمە ئاسانکاریمان کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی ئابی 2024، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە یادی 19 ساڵەی دامەزراندنی دەزگاکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە هیچ بارگرانییەکمان بەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم کابینە و کابینەکانی ڕابردووش دا دروست نەکردووە. ئێمە بەردەوام ئاسانکاریمان کردووە بۆ تیمەکانی حکوومەت، بەتایبەت بۆ وەزارەتی پەروەردە، تەندروستی، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتەکانی دیکەش.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێت: ئێمە هەوڵمان داوە هەماهەنگێکی باشبین، ئێمە ئەرک نەبووین بۆ حکوومەت ئێمە ئاسانکاریمان کردووە، ئەو هاوکارییانەی لە دەرەوە دێت بۆ ئێمە گەیاندوومانەتە دەست ئەو هاووڵاتییانەی کە پێویستییان پێ بووە، جا ئەگەر پەنابەرەکان بن یاخود هاووڵاتیی ئاسایی.

دەشڵێت: ئێمە شانازیی دەکەین کە بە دەیان ملیۆن دۆلارمان لە دەرەوەی کوردستان هێناوەتە ناوەوەی کوردستان، لە هەمانکاتیشدا ڕایەڵەیەکی باشبووین لەنێوان خێرومەندان و خەڵکی هەژار و ئاوارە و پەنابەرەکان.

موسا ئەحمەد راشیگەیاند "هەندێک جار سەرما لە کوردستان دەگاتە ژێر سفر و هەندێک جاریش گەرما دەگاتە سەروو 50 پلە، بەڵام حاڵەتێکی نەخۆشی پەتایەک لەناو ئەو کەمپانەدا بڵاو نەبوونەتەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانییە. چونکە زیاتر لە 31 کەمپ ئیدارە و سەرپەرشتییان دەکەین".