شێروان دووبەردانی: ڕێگە نادەین پرۆژەیەک تێپەڕێت بێ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کوردستان

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، هەوڵیاندا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی دەستی بەعس لە پەرلەمانی عێراق ڕابگرن تاوەکو مافی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیشی تێدا جێگیر بکرێت.
یەکشەممە4ـی تەممووزی 2024، شێروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: داوایان کردووە خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی دەستی بەعس ڕابگیرێت و لە خشتەی دانیشتن لابدرێت چونکە پرۆژەکە هەرێمی کوردستانی تێدا نییە کە لەحکوومەتی عێراقەوە هاتووە، گوتی: دەمانەوێت هەروەک عێراق لە ساڵی 1966تاکوو 2003 قەرەبوو دەکرێنەوە، خەڵکی زیانمەندی هەرێمی کوردستانیش قەرەبوو بکرێنەوە.
دووبەردانی دەڵێت: نووسراومان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و دادگای ئەنجوومەنی باڵای عێراق، ئەمینداری گشتی عێراق کردووە کار بۆ ئەوە بکەن زیانمەندانی هەرێمی کوردستانیش بخرێتە نێو پرۆژە یاساکە چونکە خەڵکی کوردستان قەرەبوو نەکراوونەتەوە، قەبارەی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کوردستانیش چەندین ملیار دۆلارە، دەڵێت: دەمانەوێت دوای وەڵامدانەوەی نووسراوەکانمان، خەڵکی کوردستان لە لقەکانی هەرێمی کوردستان قەرەبوو کردنەوەکە وەربگرن.
دەشڵێت: بەشی مووچەی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە بابەتی قەرەبووکردنەوەکە نییە کە ڕێژەی بۆ دابندرێت، ڕێگە نادەین ئەو پرۆژەیە تێپەڕێت بێ ئەوەی قەرەبووی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.