ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش گەیشتووەتە 300 کەس
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لە خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش تاوەکو ئێستا لانیکەم 300 کەس کوژراوە، ئاماژەی بەوەش کردووە تەنیا ڕۆژی یەکشەممە 94 کەس کوژراون.
ئەم ئامارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی پۆلیس و بەرپرسان و پزیشکانی نەخۆشخانەکانە. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، ناڕەزایەتییەکان دەست پێ بکەنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە سوپا و پۆلیسی زۆر لە شاری دەکای پایتەخت بڵاوەیان پێ کراوە. هەروەها ڕێگا سەرەکییەکانیان گرتووە و ڕێگری لەوانەش دەکەن کە بەرەو بارەگای سەرۆکوەزیرانی شێخە حەسینە دەچن، چونکە دوای 15 ساڵ لە دەسەڵات خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن.
لە پێکدادانەکانی دوێنێدا لانیکەم 13 پۆلیس کوژران، کە ئەمەش زۆرترین ژمارەی کوشتنە لە مێژووی بەنگلادیش کە لە یەک ڕۆژدا تۆمار کرابێت. لە 19ـی تەممووزی ئەمساڵەوە تا ئێستە 67 پۆلیس گیانیان سپاردووە.
حکوومەتی بەنگلادیش قەدەغەی هاتوچۆی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاندووە، ئەمەش یەکەمجارە حکوومەت هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت لەوەتەی خۆپیشاندانەکان دەستیان پێ کردووە. هەروەها لە ئەمڕۆ دووشەممەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ پشووی فەرمی دەبێت لەو وڵاتە.
دوێنێ یەکشەممە خۆپیشاندەران، ڕێگە سەرەکییەکانیان داخست. فشارەکان وایان کرد حکوومەت خزمەتگوزاری ئینتەرنێت ببڕێت. ئێستە خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران، شێخە حەسینە دەکەن.
بیجۆی بۆساک، بەرپرسی پۆلیس ڕایگەیاند، لە قەزای سیراجانج لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو شارە 13 پۆلیس لێیان دراوە و گیانیان سپاردووە، هەروەها لەو ناوچەیەی ئاگر لە ماڵی دوو جێگرەکەی بەردراوە نۆ کەسی دیکە مردوون.
پۆلیس و شایەتحاڵەکانیش ڕایانگەیاندووە، لانیکەم 11 کەس کوژراون کە دوو قوتابی و بەرپرسێکی باڵای پارتی دەسەڵاتدار بوون و دەیان کەسیش بەهۆی پێکدادانەکان، لە چەند شوێنێکی دەکای پایتەخت بریندار بوون.
شێخ حەسینە، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی سوپا و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە گوتی: ئەوانەی ئێستا لە شەقامەکاندا ناڕەزایەتی دەردەبڕن، قوتابی نین، بەڵکو تیرۆریستانن کە دەیانەوێت وڵات ناسەقامگیر بکەن.
گوتیشی: داوا لە هاووڵاتیان دەکەم بە توندی ئەم تیرۆریستانە سەرکوت بکەن.
خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر بنکەکانی پۆلیس و بەشێک لە بارەگاکانی پارتی دەسەڵاتدار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە توندوتیژیی لە سەرانسەری وڵاتدا دروستبوو.
وەزارەتی دەرەوەی هیندستانیش داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد گەشت بۆ بەنگلادیش نەکەن.
خۆپیشاندانی قوتابیان، لە 19ـی تەمموزی 2024، بەهۆی بەرزیی ڕێژەی بێکاری لە ناو گەنجان و دژی سیستەمی پشکی دامەزراندن لەکەرتی حکوومەتیدا، دەستی پێ کرد.