لە هەفتەیەکدا دانیشتووانی زیقار 30 خۆپیشاندانیان کردووە بێ ئەوەی هیچیان بۆ بکرێت

پارێزگای زیقار
پارێزگای زیقار

زیقارییەکان هێندە کێشەیان هەیە لە یەک هەفتەدا زیاتر لە 30 جار خۆپیشاندانیان بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی و مافەکانیان کردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی یەک داواکاریان جێبەجێ کرابێت و گوێیان لێ گیرابێت.

دەستەی چالاکوانانی پارێزگای زیقار لەباشووری عێراق بڵاوی کردەوە "لە هەفتەی ڕابردوودا دانیشتووانی پارێزگاکە زیاتر لە 30 جار خۆپیشاندانیان کردووە و توڕەیی خۆیان بەدەسەڵاتی خۆجێی گەیاندووە، زۆرترین خۆپیشاندانیش داوکاریی خزمەتگوزارییەکان بووە، بە تایبەتی کارەبا کە پێچەوانەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما پێدانەوەی ماوەی کارەبا لە کورتی داوە".

زیقارییەکان لەهەموو شوێن و گۆشەیەکی پارێزگاکەوە هەر ڕۆژە و چوار خۆپیشاندانیان کردووە بەم گەرمای هاوینە، بۆ جێبەجێ کردنی داوکارییەکانیان، کە وەک خۆیان باسی دەکەن، مافی سەرەتایی خەڵکن، لەوانە زیادکردنی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە، دامەرزراندنی دەرچووان و خاوەن بڕوانامەکان و کردنەوەی سەنتەری تایبەت بە چارەکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە؛ بەو پێیە پارێزگاکە زۆرترین توشبووی شێرپەنجەی تێدایە لە ئاستی عێراقدا.

توندوتیژیی و سوتاندنی تایە لەگەڵ داخستنی ڕێگەی سەرەکیی نێوان زیقار و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، سیمایەکی سەرەکی خۆپیشاندانەکانی زیقارن، چونکە گەر گوێیان لێ نەگیرێت، ناچارن پەنا بۆ ڕێگەیەک ببەن کە بەرپرسانی خۆجێی و فیدراڵی ناچار  بکەن گوێیان لێ بگرن.

دانیشتووانی زیقار دەڵێن: پشوودانمان نیە و هەموو هەفتەیەک خۆپیشاندان دەکەین تا ئەوکاتەی دەسەڵات بەدەم داواکارییەکانمانەوە دێت، چونکە لە بەڵێنی بێکردار و قسەی بریقەداری پێش هەڵبژارن تێربووین و ئیتر کاتی کردارە. سات لەدوای سات بەفراوانتر و گوڕ و تینی زیاترەوە دێینە شەقام و مەیدانەکانی ناڕەزایی دەربڕین.

زیقار لە بێکارەبایی و نەبوونی خزمەتگوزاریی بە تەنیا نییە، بەڵکو بەسرە، دیوانییە، بابل و تەنانەت بەغداش هەمان کیشەیان هەیە و هاوینان خۆپیشاندان و گرتنی ڕێگە سەرەکییەکان لە عێراق دووبارە دەبنەوە.

 

Fly Erbil Advertisment