نازم دەباغ: پیلانگێڕییەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان لە تاران سەری نەگرت

نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران (وێنە: ئێرنا)
نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران (وێنە: ئێرنا)

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران دەڵێت: هەندێک کەس و لایەن بە پیلانگێڕی و بڵاوکردنەوەی گومان هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان دا لە دۆسیەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەڵام پیلانگێڕییەکەیان سەری نەگرت و ڕاستییەکان ئاشکرا بوون.

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئێرنا، مێدیای فەرمی ئێران باسی  له کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران کرد. نازم دەباغ گوتی: لێکەوتەی خراپی هەیە و دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامیی لەگەڵ ڕژێمی ئیسرائیل. هاوکات ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانەی لە قەتەر بۆ ئاگربەستی شەڕ لە غەززە گیراونەتەبەر، لەناو دەبات.

هەر لە چاوپێکەوتنەکە گوتوویەتی: هەندێک لایەن هەموو هەوڵێکیاندا بۆ ئەوەی کێشە و ململانێکانی ناوچەکە بەردەوام بێت، چونکە چاویان بە ئارامی و ئۆقرەیی ناوچەکە هەڵنایەت، هەربۆیە هەوڵیان دا هەرێمی کوردستان لە ڕووداوەکەی تاران تێوەگلێنن و گومانی چەواشەکارانەیان بڵاوکردەوە بەوەئ گوایە ئەو هێرشەی کراوە جا مووشەک یان درۆن بێت، لە هەرێمی کوردستانەوە ئاراستە کراوە، بەڵام پیلانگێرییەکەیان سەری نەگرت و بۆیان نەچووە سەر.

ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی فەڵەستین، کە بە حەماس ناسراوە بەرەبەیانی چوارشەممە 31ی تەممووزی 2024، دوای بەشداربوونی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران و لە شوێنی حەوانەوەیدا لەگەڵ پاسەوانە تایبەتەکەی کوژران.

هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە سێیەم ڕاگەیەندراویدا لەبارەی چۆنێتی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە ڕایگەیاند: بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنیه، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس)، بە هەڵدانی مووشەکێکی کورتمەودا بە کڵاوەیەکی تەقەمەنی بەهێز، کە بڕەکەی حەوت کیلۆگرام بووە، لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی میوانەکان کراوە.

سوپای پاسداران سەلماندی، هێرشەکە لە ناوخۆی ئێران و بە پشتیوانیی ئەمەریکا کراوە و ڕاشیگەیاندووە، بەبێ تۆڵەسەندنەوە تێ ناپەڕێت، بەڵام لە کات و شوێنی گونجاودا ئیسرائیل دەبێت باجێکی قورس بدات