عێراق ساڵانە 20 ملیار دۆلار بۆ کەرتی سەربازی خەرج دەکات

ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراق
ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراق

عێراق لە ماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا 135 ملیار دۆلاری لە کڕینی چەک و نوێکردنەوەی سیستەمی بەرگرییدا خەرج کردووە، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانی زۆر لاواز و پڕ کەموکورتییە.

عێراق، ساڵانە بەشێکی گەورەی بودجەکەی دەکات بە قوڕگی کەرتی سەربازی و مووچەی چەکدارەکانیدا، بەڵام لە ڕووی تەکنەلۆجیای سەربازییەوە، لاوازە و درۆنەکان ئارامییان لەبەر بڕیوە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی 'جی ئێف پی' بۆ لێکۆڵینەوەی سەربازیی؛ عێراق پلەی حەوتەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی گرتووە لە خەرجکردنی زۆرترین پارە لە کەرتی سەربازیدا؛ بە جۆرێک، ساڵانە جگە لە مووچە و دەرماڵە، زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ نوێکردنەوەی کەرتی سەربازی و کڕینی چەک خەرج دەکات.

بە گوێرەی ماڵپەرەکە، ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 20 ملیار دۆلار لە بودجەی عێراق بۆ کەرتی سەربازی خەرج دەکرێت.

لەگەڵ ئەم خەرجییە قەبەیەشدا، توانای سەربازیی عێراق زۆر کەموکورت و سنووردارە. وڵاتەکە لە 21 ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 135 ملیار دۆلاری لە کڕین چەک و نوێکردنەوەی بواری سەربازی خەرج کردووە، بەڵام ڕادارێکی وەهای نییە جێگەی بایەخ بێت، ملیشیاکان کە ویستیان هەرکوێیان بوێت بە درۆن هێرشی دەکەنە سەر، بەبێ ئەوەی هیچ دژە درۆنێک ڕووبەڕوویان بێت.

تەنانەت ماڵی بەرپرسان و کەسایەتییەکانیش لە هێرشی درۆن و مووشەک پارێزراو نین و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ناتوانن گرەنتی سەد لەسەد پاراستنیان بکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانیش لەبەر بێمتمانەیی بە سیستەمی سەربازیی عێراق خۆیان دژە درۆن و دژە مووشەکیان هێناوە بۆ پارێزگاری لە تیمەکانیان، سەرباری ئەوەش هەرجارە درۆن دەبێتە میوانیان!

بەم دواییانە، عێراق خواستی خۆی بۆ کڕینی چەند سیستەمێکی بەرگریی لە ڕووسیا و فەرەنسا نیشان دا، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە بێ ئەنجام بوون.

عێراق، بە تێکڕا خاوەنی نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار هێزی ئەمنی و چەکدارە کە خۆیان لە سوپا، حەشدی شەعبی، وەزارەتی ناوخۆ و دژە تیرۆر و چەندین هێزی دیکە دەبیننەوە، بەڵام لەسەر ئاستی زەمینی و ئاسمانیش توانای کۆنترۆڵکردنی خاکەکەیان نییە، درۆن و مووشەکی هێزی ناوخۆی و بیانی کوێیان بوێت پەلاماری دەدەن.

Fly Erbil Advertisment