زە گاردیەن: گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش بەشداریی هێرشەکەی سەر ئیسرائیل دەکەن

ڕۆژنامەی زە گاردیەنی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، پێ دەچێت گرووپە چەكدارەكانی عێراق لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمەدا بەشدارێكی سەرەكی بن لە ھێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
گرووپە چەكدارەكانی عێراق و بەرەی مقاوەمە، پێ دەچێت بەشدارێكی سەرەكی ھێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران بن بۆ سەر ئیسرائیل؛ ئەمە سەردێڕی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی زە گاردیەنی بەریتانییە.
ڕۆژنامەكە، لە ڕاپۆرتەكەیدا، بڵاوی كردووەتەوە، عێراق ھەر لە سەرەتاوە هەڵوێستێكی تووندی بەرامبەر ململانێی غەززە گرتەبەر و ھێرشەكانی ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیشی بۆ حەماس نیشان دا. ڕۆژنامەكە دەڵێت: لەم پرسەدا دەستێوەردانەكانی ئێران كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر عێراق نییە، بەڵكوو ھەڵوێستی عێراق ڕەنگدانەوەی ئەو پاڵپشتییە مێژووییە كە بۆ دۆزی فەڵەستین ھەیەتی.
سوپای پاسداران لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، ھەڕەشەی وەڵامدانەوەیەكی توندی كردووە و ڕای گەیاندووە، ئیسرائیل ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و جەرگبڕی بەرەی زلهێز و زەبەلاحی مقاوەمە و بە تایبەت ئێران دەبێتەوە.
ڕۆژنامە بەریتانییەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا، ئاماژەی بەوە داوە "وەڵامەكەی ئێران ڕەنگە یەکلاکەرەوە بێت و ناوچەكە ڕووبەڕووی شەڕێكی گەورە بكاتەوە. ئاماژەی بەوەش دراوە، ئێستا پێگەی ئێران نابێ جێگەی سەرسوڕمان بێت، چونکە دەرکەوتنی وردە وردەی ئێران وەک زلهێزێکی دیار لە ناوچەکەدا دوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر خێراتر بوو".
لە ڕاپۆرتەكەدا ھاتووە "بەرەی مقاوەمە كە گرووپە چەكدارەكانی لوبنان، عێراق و یەمەن لەخۆ دەگرێت و دژی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەوەستێتەوە، لەلایەن ئێرانەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت و لە پشتیوانیی چین و ڕووسیا بەهرەمەندە. زە گاردیەن دەڵێ، ئەم ھێزەی ئێران ئێستا هێزێکی گەورەیە کە تەحەدای ئیسرائیل و ئەمریكا دەكات".