قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌كانی به‌غدا و چاره‌نه‌كردنی، هاووڵاتییان و شۆفێرانی بێزار كردووه‌

قه‌ره‌باڵی له‌ شه‌قامه‌كانی به‌غدا
قه‌ره‌باڵی له‌ شه‌قامه‌كانی به‌غدا

دانیشتووانی به‌غدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شاره‌كه‌یان پایته‌ختی یه‌كێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین پێته‌خته‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌ڵام به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كێشه‌ و گرفتی ڕۆژانه‌ ده‌بێته‌وه‌؛ هاوكات به‌رپرسانی حكوومه‌ت له‌ ئاست كێشه‌كانیان به‌ كه‌مته‌رخه‌م و نه‌بوونی دیدگه‌یه‌كی ستراتیجی ناو ده‌به‌ن.

نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری پێویست له‌ شه‌قام و ڕێگه‌وبانه‌كانی به‌غدا، وایكردووه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ندان قه‌ره‌باڵغی له‌ هاتووچۆدا دروست ببێت و به‌هۆیه‌وه‌ هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران و كاسبكاران له‌ ئیش و ئه‌ركه‌كانیان دوا بكه‌ون.

ئه‌مه‌یش وایكردووه‌، هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و ڕووه‌و به‌رپرسانی حكوومه‌تی عێراق ده‌نگ هه‌ڵبڕن و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان ده‌رببڕن.

له‌ دوای عه‌سری ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، له‌ ناوچه‌كانی كه‌ڕاده‌ و عه‌رسات هیندییه‌ و ناوچه‌ نزیكه‌كانی دیكه‌، قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆری هاتووچۆ دروست ببێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هاتووچۆ له‌م ناوچانه‌دا نیمه‌چه‌ وه‌ستاوه‌.

هه‌زاران ئۆتۆمبیل له‌ شوێنی خۆیان له‌ناو شه‌قامه‌كاندا وه‌ستاون و شۆفێره‌كانیان به‌ بێزارییه‌وه‌ ده‌ڵێن، ماوه‌ ماوه‌ ئه‌م دۆخه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و بێئه‌وه‌ی به‌رپرسان خۆیانی لێ به‌ خاوه‌ن بكه‌ن و خه‌می لێ بخۆن و چاره‌ی بكه‌ن.