سەدا 75ـی کریستییانەکان نەینەوایان بەجێ هێشتووە

تادێت دۆخی کریستیانەکانی عێراق نیگەرانی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت
تادێت دۆخی کریستیانەکانی عێراق نیگەرانی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت

نەینەوا سەدا 75ـی کریستییانەکانی لە دەست داوە و ژمارەکەیان لەو ناوچەیە بۆ 100 هەزار دابەزیوە.

ڕێکخراوی "شلۆمۆ" بۆ دۆکیومێنتەری، لە ڕاپۆڕتێکدا ئاشکرای کردووە، لە دوای داگیرکاریی داعش بۆ نەینەوا سەدا 75ـی کریستییانەکان ئەو شارەیان جێهێشتووە و بە گوێرەی ئامارەکان ژمارەی دانیشتووانی کریستییان لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵدا لە 400 هەزار کەسەوە بۆ 100 هەزار کەس کەم بووەتەوە.

ڕێکخراوەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، دوای ئازادکردنی مووسڵ، ژمارەیەکی کەمی دانیشتووان گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، بە شێوەیەک تاوەکوو ئێستە تەنیا 150 خێزانی کریستییان گەڕاونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کریستیانەکانی عێراق لە ڕابردوودا تووشی کۆمەڵێک نەهامەتی و ڕاگواستن و هەڕەشەی جیاواز بوونه‌ته‌وه‌. لە دوو دەیەی ڕابردووی عێراقیشدا کریستییانەکان بە گوشاری جیاوازی سیاسی دەرپەڕێنراون و بەشێکیان بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە و تێیدا گیرساونەتەوە و بەشێکیشیان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە. ستەم، شەڕی تایفی، ناسەقامگیریی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و کەمیی خزمەتگوزاری هۆی سەرەکی کۆچی کریستیانەکان بووە لە عێراقدا.

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی دەنگی ئەمەریکا، نادین ماینزا، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ئاینی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: کریستییانەکانی عێراق لە ژێر فشار و دڕندەیی میلیشیاکاندان و بە دۆخێکی ناهەمواردا تێ دەپەڕن.

Fly Erbil Advertisment