79 ساڵ بەسەر یەکەمین هێرشی بۆمبی ئەتۆمی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت

دیمەنێکی دوای هێرشەکە
دیمەنێکی دوای هێرشەکە

79 ساڵ بەسەر بۆردوومانی هیرۆشیما و ناکازاکی لەلایەن ئەمەریکاوە تێدەپەڕێت، لە ئەنجامدا زیاتر لە 140 هەزار کەس کوژران و سەدان هەزاری دیکەش هێشتا بەدەست نەخۆشی و لێککەوتەکانی دوای هێرشەکان و بڵاوبوونەوەی تیشکە زیانبەخشەکانەوە گرفتارن.

ساڵی 1945 هاری ترومان، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی جیهانی و ناچارکردنی ژاپۆن بۆ خۆ بەدەستەوەدان، فەرمانی کرد بۆمبی ئەتۆمی لە دژی ئەو وڵاتە بە کار بهێندرێت.

79 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، لە 06ـی ئابی 1945 فڕۆکەیەکی ئەمەریکی بۆمبێکی ئەتۆمی بە ناوی 'لیتل بۆی'، واتە کوڕی بچووک، بە 22 تۆن 'تی ئێن تی' لە ئاسمانی شاری هیرۆشیمای ژاپۆن فڕێدایە خوارەوە.

بۆمبەکە هێندە بەهێزبوو، بەهۆی زەبری تەقینەوەکەی، لەسەدا 90 ئەو شارە لەگەڵ زەوی تەخت بوو. ئەمەریکا هەر بەوە نەوەستا، دوای سێ ڕۆژ و لە  9ـی ئاب بۆمبێکی دیکەی ئەتۆمی کە ناوی نابوو 'فات مان'، واتە پیاوی قەڵەو لە ناکازاکی خستە خوارەوە.

ژمارەی قوربانییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرز دەبووەوە، تا کۆتایی ئەو ساڵە زیاتر لە 140 هەزار کەس بەهۆی ئەو دوو بۆمبەوە کوژران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.

سەرەڕای وێرانکاری و زۆری کوژراو و بریندارەکان، کاریگەری و لێککەوتەکانی بۆمبەکان لەسەر خەڵکی ئەو دوو شارە و ناوچەکانی دەورووبەری هەر ماون.

هێرشەکان بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین تیشکی زیانبەخش؛ هەزاران کەسیش بەهۆیەوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە و چەندان ناخۆشی دیکەی کوشندە بوونەوە، هەندێکیان تا ئێستاش دوای 79 ساڵ کاریگەرییان لەسەر ماوە.

ئەمە جگە لەوەی ژینگەی ناوچەکە بە گشتی، بەهۆی تیشک و زیانەکانەوە تێک چوو. لەدوای ئەم دوو هێرشە کوشندەیە، لە 15ی ئابی 1945 ژاپۆن ناچاربوو خۆی بەدەستەوە بدات و جەنگی دووەمی جیهانیش کۆتایی هات.