وەزارەتی دەرەوەی ئوردن بۆ کوردستان24: تێکچوونی دۆخی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن داوا لە هەموو لایەک دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و دەڵێت: تێکچوونی دۆخی ناوچەکە "لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە".
سێشەممە، 06-08-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، لەبارەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل؛ بە کوردستان24ـی گوت: "بە دڵنیاییەوە تێکچوونی دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی ئوردن سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆ بووەوە. ئامانجێکی سەرەکی شاندەکە، کە "نامەیەکی ئەمەریکای پێ بوو" پەشیمان کردنەوەی تاران بوو لە هێرشەکردنە سەر ئیسرائیل. بەڵام بەرپرسانی ئێران هەر زوو دوای سەردانەکە، دووپاتیان کردەوە، سوورن لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و "تەنبێ"ـی دەکەن.
هەر چەندە سەرچاوەکەی کوردستان24 پلانی بەرپرسانی ئوردنی بۆ هێورکردنی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا نەکرد؛ بەڵام جەختی لەوە کردەوە، هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ تاوەکو ڕێگریی لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان بکەن. داواشی کرد، "هەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن".
"ئێران جووڵەی بە سەکۆی هەڵدانی مووشەکەکانی کردووە"
ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کە نەیانویست ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاند، لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، بینیویانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئێران مانۆری سەربازی کردووە و جووڵەی بە سەکۆی هەڵدانی مووشەکەکانی کردووە، ئەمەش وەکوو ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
بەرپرسانی ئەمەریکا پێشبینی دەکەن، هێرشەکەی ئەم جارەی تاران بۆ سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەی مانگی نیسانی ڕابردووی فراوانتر بێت و لە چەند بەرەیەکەوە بکرێت، بە جۆرێک هەر یەکە لە حیزبوڵلای لوبنانی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق، حووسییەکانی یەمەن و چەکدارەکانی حەماسیش بەشداربن لە هێرشەکەدا.
ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "زیاتر ئاڵۆز نەکات" و لە ڕێگەی قەتەر، ئوردن و میسرەوە چەندین پەیامی گەیاندووەتە بەرپرسانی تاران، بەڵام ئەوەی دیارە، هەوڵەکانی بەرپرسانی واشنتن بێ ئەنجام بوون.
لەبارەی کاتی هێرشەکەی ئێرانیش، ژمارەیەک بەرپرسی کۆشکی سپی، بە پێگەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـیان ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکەن، لە 24 کاتژمێری داهاتوودا، هێرشەکە بە مووشەکی دوورمەودا بۆ سەر ژمارەیەک شوێن و پێگەی جیاوازی ئیسرائیل بکرێت.
هێرشەکەی ئێران "لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا" دەبێت
دووشەممە، 05-08-2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، ئیسرائیل باجی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسییی حەماس لە تاران دەداتەوە؛ "بەڵام هێرشەکە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەبێت".
وەکو ئەوەی کەنعانی گوتی: ئیسرائیل دەبێت خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکات؛ چونکە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هیچ لایەک قەبووڵ ناکرێت. ئەوان بە گەمژەییانە پێشێلیی یاسا نێودەوڵەتییەکانیان کردووە و سنووری وڵاتێکی بە توانایان بەزاندووە، هەربۆیە دەبێت باجەکەشی بە قورسی بدەن.
کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.
هەر چەندە ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنیی ئەمەریکی ڕایانگەیاند، هەنییە لە ڕێگەی بۆمبێکی چێندراو لە ژوورەکەیدا کوژراوە، بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو لێداونانەی ڕەت کردەوە و گوتی، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکێکی کورتمەودا لە دەرەوەی شوێنی مانەوەی هەنییە کراوە.
ئیسرائیل تاوەکوو ئێستا بەرپرسیارێتیی کوشتنی هەنییەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام سوپای پاسداران، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، ئەمەریکاش لە هێرشەکەدا هاوکارییانی کردووە.