بەڕێوەبەری ئاو: لەمەودوا ڕۆژانە زیاتر لە 60 هەزار مەتر سێجای ئاو دەگاتە ناوەندی شاری هەولێر
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە کوردستان24 ڕاگەیاند، %70ی گۆڕین و نۆژەنکردنەوەی لوولەی ئیفراز سێ تەواو بووە و بە تەواوبوونی کارەکان لە هەر کاتژمێرێکدا بڕی دوو هەزارو 500 مەتر سێجا ناردنی ئاو بۆ ناوەندی هەولێر زیاد دەکات و کێشەی کەمئاویی گەڕەکەکانی هەولێر چارە دەبێت.
ڕابەر حسێن گوتیشی: دوای چەند جارێک شکانی لوولەی ئیفراز سێ، لە نێو وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز و زیانگەیاندنی بە بەشی فیلتەرکردنی ئاوی وێستگەکە و لە دەستدانی توانای ناردنی سێ هەزار مەتری سێجای ئاو لە بری ناردنی 10 هەزار مەتر سێجای ئاو لە هەر کاتژمێرێکدا، ناچار بووین هەم بەشێک لەو لوولەیەی کێشەی بوو بگۆڕین هەم پەمپێکی کۆنی ناردنی ئاو بگۆڕین، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە بە یەکەوە بەستنەوەی هەردوو لوولەی کون و نوێی هێڵی گواستنەوەی ئاوی ئیفراز سێیە بۆ نێو سەنتەری شاری هەولێر کە نزیکەی %70ی کارەکانی تەواو بووە.
ڕاشیگەیاند، بە تەواوبوونی کارەکان لە هەر کاتژمێرێکدا بڕی دوو هەزار و 500 مەتر سێجا ناردنی ئاو بۆ هەولێر زیاد دەبێت، بەمەش لە هەر 24 کاتژمێردا زیاتر لە 60 هەزار مەتر سێجای ئاو دەگاتە سەنتەری هەولێر.
سەبارەت بە چارەبوونی کێشەی کەمئاوی لە هەولیر، بەڕێوەبەری ئاو گوتی: لە وەزارەتی پێشمەرگەوە تاوەکوو گەڕەکی ڕۆشنبیری بە درێژایی شەقامی بازنەیی 120، لە سنووری شەقامی 40 مەتری لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون تاوەکوو گەڕەکی مەنتکاوە، لە سنووری شەقامی 60 مەتری هەر لە چوار ڕییانی فرانسوا میترانەوە تاوەکوو یارگەی فرەنسۆ هەریری بە هەردوو بەری شەقامەکە سوودمەند دەبن سوودمەند دەبن.