رۆشنبیر و مامۆستایانی ئایینی لە دهۆک جەخت لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەکەنەوە

رۆشنبیر و مامۆستایانی ئایینی لە دهۆک جەخت لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەکەنەوە
رۆشنبیر و مامۆستایانی ئایینی لە دهۆک جەخت لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەکەنەوە

سێشەممە، 06-08-2024، چەندین هاووڵاتیی و مامۆستای ئایینی لە دادگای دهۆک سکاڵایەن لە دژی قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی هێزەکانی پێشمەرگە تۆمار کرد، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، "لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان، قسەی نەشیاوی بە محەمممەد پێغەمبەر (د. خ.) گوتووە". 

پارێزەر بەهائەددین دەشتانی، کە دۆسیەکە لە دادگای دهۆک بەڕێوە دەبات؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دەیان سکاڵا لە دژی قاسم شەشۆ تۆمارکراون، دۆسیەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە دەچێت". 

هاوکات پارێزەر بیرهات هارۆن باسی لەوە کرد، وەکوو پارێزەرێکی ئێزدیی بەشداریی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەکەدا دەکات، "چونکە هەرێمی کوردستان دەیان ساڵ قوربانی داوە تاوەکو کوردستان بکاتە نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوەژیانیی نێوان پێکهاتەکان و قسەی کەسێک، ئەم پێکەوەژیانەی ئێستا هەیە، تێک نادات". 

پارێزەر بیرهات هارۆن ڕوونیشی کردەوە، دوای کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکان، خەڵکی دهۆک و زاخۆ و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، دەرگای دڵ و ماڵەکانیان بۆ  "خوشک و برا ئێزدییەکانیان کردەوە و دەستی هاوکاریی بۆ درێژکردن". 

لەلایەن خۆیەوە، قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی هێزەکانی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بە هیچ جۆرێک بە خراپی باسی پەیامبەری ئیسلامم نەکردووە، ڕێز لە موسڵمانان دەگرین. هەندێک لایەن دەستکارییان لە قسەکانم کردووە و بۆ مەرامی خۆیان بەکاری هێناون". 

قاسم شەشۆ ڕوونیشی کردەوە، "من لە قسەکانمدا باسم لەوە کرد، بە درێژایی مێژوو چەنیدن فەرمان بەسەر کوردانی ئێزدیدا هاتوون، دوایینیان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بوو کە لەژێر ناوی 'لا الە الا اللە و محمەد رسول اللە' هەزاران منداڵ، گەنج و ئافرەتی ئێزدییان کۆمەڵکوژ کرد. ئەوەی داعشی کردی، هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینی ئیسلامەوە نەبوو. من تەنها وام گوتووە، بەڵام هەندێک لایەن دەستکاریی قسەکانی منیان کردووە". 

قاسم شەشۆ دووپاتیشی کردەوە، "هەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیانیی هەموو پێکهاتەکانە، ئێمەش وەکو ئێزدی ڕێز لە ئایینی ئیسلام و هەموو ئایینەکانی دیکە دەگرین؛ داوای لێبووردنیش لەوانە دەکەم کە بە هەڵە لە قسەکانم تێگەیشتوون".

Fly Erbil Advertisment