حەماس: یەحیا سینوار شوێنی ئیسماعیل هەنییە دەگرێتەوە

K24 – هەولێر:
بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە ڕاگەیەندراوێکدا، شوێنگرەوەی ئیسماعیل هەنییەی ئاشکرا کرد و یەحیا سینواری وەک سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەیان ناساند.
6ـی ئابی 2024، حەماس ڕایگەیاند: یەحیا سینوار دەبێتە کەسی یەکەمی بزووتنەوەی حەماس و لە شوێنی ئیسماعیل هەنییە ڕابەرایەتی سیاسیی بزووتنەوەکەش لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەک چۆن ئێستا لە کەرتی غەززە، سەرپەرشتی چالاکییە سەربازییەکانی حەماس دەکات.
حەماس لەبارەی دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ بزووتنەوەکەی بە کورتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەشێوازی هەڵبژاردن و دیاریکردنی یەحیا سینوار نەداوە، تەنیا ئاماژەی بە دەستنیشانکردنی کردووە بۆ شوێنگرتنەوەی ئیسماعیل هەنییە.
لە یەکەم کاردانەوەشدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، یەحیا سینوار تیرۆریستێکی داواکراوە و ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوەکردووە: حەماس مەترسیدارترین کەسی بۆ سەرکردایەتی خۆی هەڵبژاردووە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.
305 ڕۆژە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە تاوەکوو ئێستا 39 هەزار و 653 فەڵەستینی کوژراون کە زیاتر لە 16 هەزاریان منداڵن و 11 هەزار کەسی دیکەشیان ئافرەتن.