لە دوای داخستنی پاڵاوگە نا یاساییەکان، کارگە و مۆلیدەکانیش بەسەر دەکرێنەوە
لیژنەکانی قایقامییەتی هەولێر لەگەڵ نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە و تەندروستی ڕێنمایی دەدەنە کارگە پیشەسازییەکان و مۆلیدەی گەڕەکەکان بۆ ئەوەی چیتر ژینگەی پیش نەکەن.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامیی هەولێر بە کوردستان24 گوتی: ئەم هەڵمەتەی هۆشیارکردنەوەی کارگە پیشەسازییەکان لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی فراوانی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتییەکانە کە چەند بڕیاێکی گرنگی تێدا دەکرا، لەوانە داخرانی پاڵاوگە نایاساییەکان و سنووردارکردنی کاری پاڵاوگەکانی دیکە.
گوتیشی: هەر لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا کارگە پیشەسازییەکانیش لە شێوازی دەردانی دووکەڵەکانیان سیستمێکی تەندروست بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە و بەرگە هەوا بگیرێتەبەر، هەڵمەتەکە بەردەوام و لە ناکاو دەبێت بۆ کارگەکان، هەر شوێن و کارگەیەک پابەند نەبێت بە دڵنیاییەوە سزا دەدرێت.
هەروا ڕایگەیاند، دەبێت لە کارگەکان ڕووبەری سەوزاییش لە بەرچاو بگرێت، بۆ پابەندکردنی کارگە پیشەسازییەکان بە ڕێنماییەکان چەند قۆناغیکی سزا دان بگیرێتەبەر، لەوانە سزای پێ بژاردن، ئەگەر هەر پابەند نەبێت دەدرێتە دادگا و تا دەگاتە داخستن و ڕاگرتنی کارەکان.
قایمقامی هەولێر ڕاشیگەیاند، لێژنە هاوبەشەکان سەردانی لە ناکاو بۆ سەر مۆلیدەی گەڕەکانیش دەکەن بۆ سزادانی ئەو خاوەن مۆلیدانەی پابەندی ڕێنماییەکان ناکەن.