وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و هاوتا میسرییه‌كه‌ی: گرژیی ناوچەکە ڕابگرن!

جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له گفتوگۆیەکی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه وكۆچ و كاروباری میسرییه‌كان له ده‌ره‌وه، تاوتوێی پێشهاته ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌كات.
ڕۆژی چوارشه‌ممه، 7ـی ئابی 2024، به‌در عه‌بدول عاتی، وه‌زیری ده‌ره‌وه وكۆچ و كاروباری میسرییه‌كان له ده‌ره‌وه، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق کرد و به پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش، هه‌ردوولا تاوتوێی بارودۆخی ئه‌منی و سه‌ربازیی ناوچه‌كه و ڕێگریی له په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییەكانیان كردووه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه "هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان به‌غدا و قاهیره‌یان گفتوگۆ كردووه و جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی به‌رده‌وامیی هه‌ماهه‌نگی له بواری كاری سێقۆڵی نێوان عێراق، میسر و ئوردن كردووه‌ته‌وه".
به پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، هه‌ر یه‌ك له فوئاد حوسێن و به‌در عه‌بدول عاتی به پێویستیان زانیوه ناوچه‌كه له هه‌ر په‌ره‌سەندێكی ئاڵۆزیی ئه‌منی و سه‌ربازی دوور بخرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه تووشی نه‌هامه‌تی زیاتر نه‌بنه‌وه.