له‌سه‌ر فه‌رمانى سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی قۆناغى سێيه‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى حه‌سه‌ن شام جێبه‌جێ ده‌كرێت

K24 - هەولێر:
له‌سه‌ر فه‌رمانى مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، قۆناغى سێيه‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارەزوومەندانی ئاواره‌كانى گوندی حه‌سه‌ن شام/ خازر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
چوارشەممە 7ـی ئابی 2024 وەزارەتی ناوخۆ لەمیانەی ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد: لە قۆناغی سێیەمدا کە 266 خێزان کە (107)یان له كه‌مپه‌كانى ئاوارەکان لە هه‌رێمى كوردستان و (159) له ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كان دەژین، به‌شێوه‌يه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ زێدی خۆیان لە گوندى حه‌سه‌ن شام.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو خانەوادانە لە دوای هێرشەکانی گروپی تیرۆریستی داعش، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و چەندین ساڵە سەربەرزانە لە كەمپەكانی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى خانه‌خوێ ده‌ژين و حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌پێى توانا هه‌موو خزمه‌تگوزارى و پێداويستيیە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م كردبوو.
وەزارەتی ناوخۆ باس لەوە دەکات، بە هۆی ئەوەی گوندەکانیان لە ژێردەستی داعشدا ژێرخانی ئابوورىیان داڕمابوو، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی گوزەران لەناو چووبوون، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان پێویستی بە پاڵپشتی حکوومەتی فیدراڵ و بڕیاری ئارەزوومەندانەی خۆیان هەبووە و هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، له قۆناغى ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی (271) خێزانى دیکەی ئاواره‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه کردووە و گه‌ڕاونه‌تەوه بۆ زێدی خۆیان.
وەزارەتەکە لە دوای گەڕانەوەی ئەو خێزانانە، جارێکی دیکە داوا له دامه‌زراوه فیدراڵییەکان ده‌كات كه هه‌نگاوى كردەیی بۆ فه‌راهه‌مكردنى خزمه‌تگوزارييه بنه‌ڕه‌تيیه‌كان بۆ سنووره‌كه ده‌ست پێ بكه‌ن، تا ئەوانەی گەڕاونەتەوە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین و بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە جارێکی دیکە ئاوارە نەبنەوە. هەروەها دابینکردنی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری گشتیی زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیاتری ئارەزوومەندانە خۆش دەکات.
وەزارەتی ناوخۆ، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت له پشتيوانيى سياسه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه و سه‌ربه‌رزانەی هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.