فارس خه‌تتاب: گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق ئیراده‌ی خۆیان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا سه‌پاندووه‌

فارس خه‌تتاب
فارس خه‌تتاب

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی دەڵێت: گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆیان به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت بسه‌پێنن و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، 7ـی ئابی 2024، فارس خه‌تتاب، نووسه‌ر و شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوت: گرووپه‌ چه‌كداره‌كان كه‌ له‌ ساڵی 2003ـوه‌ دروست بوونه‌ و چالاكییه‌كانیان ده‌ست پێ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ دروست بوونه‌ و هاتوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، تاوه‌كوو كاریگه‌رییان به‌ سه‌ر بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌تدا هه‌بێت.

فارس خه‌تتاب ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد "زیاتر له‌ 66 گرووپی چه‌كداریی هه‌یه‌ و له‌ژێر ناوی حه‌شدی شه‌عبی كار ده‌كه‌ن و فه‌رمان له‌ سوپای عێراق و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كدارەکانی عێراق وه‌رناگرن".

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد "ژماره‌یه‌ك گرووپی دیكه‌ هه‌ن و ناویان تۆمار نه‌كراوه‌ و له‌ژێر بڕیاری حه‌شدی شه‌عبیدان و ده‌یانه‌وێت حكوومه‌تی عێراق و دامه‌زراوه‌ی سوپا لاواز بكه‌ن و بیرۆكه‌یان هه‌یه‌ كه‌ كۆنترۆڵی ته‌واوی جومگه‌كان بكه‌ن".

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "عێراق به‌رانبه‌ر به‌ میلیشیاكان خاوه‌نی هیچ بڕیارێك نییه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ئێرانن و ئه‌و واقیعه‌ی له‌ عێراق هه‌یه‌، له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ ده‌سه‌پێندرێت، بۆ نموونه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان".