شارەزایەکی بواری ئەمنیی: عێراق لە پاراستنی ئاسمانەکەیدا شکستی هێناوە

شارەزایەکی بواری ئەمنیی دەڵێت، عێراق نەیتوانیوە لە پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی سەرکەوتوو بێت و وڵاتانی دراوسێ، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە توانا و باشتریان هەیە.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 8ـی ئابی 2024، ئەمیر سەعدی، شارەزای ئەمنیی لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، عێراق نەیتوانیوە سەرکەوتووبێت لە پاراستنی ئاسمانەکەی، بەلایەنی کەمەوە ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو دەکرێتەوە لە ناوەندەکانی توێژینەوە لە ئەمەریکا، کە ئەمەریکا گرتبوویە خۆ تاکو ئەو دامەزراوانە نوێ بکاتەوە.
ئەو شارەزا ئەمنییە ڕوونیشی کردەوە: دەبینی هەڵەیەکی ستراتیجی ڕووی داوە، ئەویش شکستی دروستکردنەوەی ئەو هێزانە بووە لە 2003وە تاکو 2014، کە بینیمان سوپای عێراق ئەو کاتە چۆن ڕووبەڕووی هێرشی داعش بووەوە.
باسی لەوەش کرد: عێراق پێویستی بە پێکهێنانەوەی ئەو هیزانەیە، لەناویشیدا، هێزی بەرگریی ئاسمانییە. ئەمەریکا زۆر هاریکاریی پێشکەش کردووە، بە چەک، سیستەمە زیرەکەکانی دیکە، جگە لە ڕاهێنان و چەکدارکردن لەو چوارچێوەدا. لە ئەنجامدا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە وەکو پێویست نەبوو، لەبەرامبەر ئەو ئاستە زۆرەی سەردەمی درۆنە ئاراستەکراوەکان لە بواری ئاسمانەوانی، وڵاتانی دراوسێی عێراقیش توانا و ئاستی باشتریان هەیە".
ئەمیر سەعدی راشیگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق ناوەندێکی ڕاهێنانی بۆ سەربازەکان کردەوە بۆ بەرگریی ئاسمانی ئەویش بە دابینکردنی ڕادار و پشکنەری ئاسمانی پێشکەوتوو، تاکو بتوانن لەبەرامبەردا هێزە ئاسمانییەکان بەهێزتر بکات و ڕێگری لە تێکشانی سەروەری ئاسمانی عێراق بکات.