هۆشداریی لە ڕوودانی سونامی دەدرێت

دوو بوومەلەرزەی بەهێز ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی ئابی 2024، کەناراوەکانی ژاپۆنیان هەژاند و هۆشداریی لە ڕوودانی سونامی دەدرێت.
ناوەندی چاودێری جیۆلۆجی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 6.9 و 7.1 ڕێختەر دوورگەی کیوشۆی لە باشووری ژاپۆنیان هەژاندووە و بەهۆی بەهێزییانەوە پێشبینی ڕوودانی سونامی لە کەناراوییەکانی میازاکی، کۆچی، ئۆیتا، کاگۆشیما دەکرێت.
هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان، مەزندە دەکرێت بەهۆی سونامییەوە شەپۆلی دەریا بە ئەندازەی یەک مەتر بەرزبێتەوە و لە کەناراوەکانی ژاپۆن بدەن، هەروەها هۆشداریی بە خەڵکی ژاپۆن دراوە لە کەناراوەکاندا نزیک نەبنەوە.
لە 11ی شوباتی 2011، دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی 9 و 9.1 بۆ ماوەی شەش خولەک، لە ئۆقیانووسی ئارام ڕوویان دا، لە ئەنجامدا سونامی ڕوودا و بە درێژایی 72 کیلۆمەتری ناوچە وشکانییەکانی ڕاماڵی و نزیکەی 20 هەزار کەسی کوشت، ئەمە جیا لەوەی زیانێکی زۆری ماددیی لێ کەوتەوە.