دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا یاداشتی ده‌ستگیركردن بۆ قاسم شه‌شۆ ده‌رده‌كات

دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا له سه‌رۆكایه‌تی دادگه یتێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا یاداشتی ده‌ستگیركردن و پشكنین بۆ قاسم شه‌شۆ ده‌رده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات، بێڕێزی به پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) كردووه و هانی توندوتیژی و شه‌ڕی نێوان ئایینه‌كان ده‌دات.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه، 8ـی ئابی 2024، دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا له سه‌رۆكایه‌تی دادگه یتێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا یاداشتی ژماره (11683/3423/2024)ـی بۆ ده‌ستگیركردنی قاسم شه‌شۆ خه‌له‌ف ئه‌دۆ خالیدی ده‌ركردووه و وه‌ك له یاداشته‌كه‌دا هاتووه، ناوبراو تۆمه‌تباره به تاوانی "بێڕێزیكردن به پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) و هاندانی توندوتیژی و شه‌ڕی نێوان ئایینه‌كان."
دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، شه‌شۆ به پێی مادده‌ی (195)ـی سزاكانی عێراق تۆمه‌تباره و داواكراوه له دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا ئاماده بێت.
ڕۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان ڕایانگەیاندبوو، بەتوندی سەرکۆنەی قسەکانی قاسم شەشۆ دەکەین، کە لەمیانی بۆنەیەکدا لە شنگال، بەرامبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پێغەمبەرمان (محەممەد - دروودی خوای لەسەر بێت) گوتوویەتی، بە مافی خۆمانی دەزانین، کە ڕێکاری یاسایی لەم بارەیەوە بگرینەبەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: یەکێک لە شانازییەکانی ھەرێمی کوردستان، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، کوردانی ئێزدیی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆساید و ڕەفتاری نامرۆییان بەسەرداھاتووە، ئەم رەفتارەی تیرۆرستانی داعش، کە بەرامبەر ھەموو پێکھاتەکان ئەنجامدراوە، پێچەوانەی پرەنسپیە پیرۆزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایينەکانی ترە و ھیچ کات کردەوەی تیرۆرستی و توندڕەوی و خراپەکاری لەسەر ھیچ ئایين و نەتەوەیەک ھەژمار ناکرێت، بۆیە ناکرێ بە بیانووی کردەوە توندڕەوەکان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بدرێت.
هاوکات وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان ئاماژەیان بەوە کردبوو، ئەم جۆرە لێدوانانە لە ھەر کەسێک بێت ڕێگە پێدراو نییە، لەپێناو یەکڕیزی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن دەبێت ھەموو لایەک سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارانە بکەین، کە ھەستی موسڵمانان یان ھەر ئایين و نەتەوەیەکی تر بریندار بکات.
