لایه‌نگرانی گرووپه‌كانی سه‌ر به حه‌شد ڕێگری له ڕووماڵی كوردستان24 له نه‌جه‌ف ده‌كه‌ن
لایه‌نگرانی گرووپه‌كانی سه‌ر به حه‌شد ڕێگری له كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن له ناویشیاندا په‌یامنێری كوردستان24 له نه‌جه‌ف ده‌كه‌ن بۆ ڕووماڵكردن و گواستنه‌وه‌ی خۆپیشاندانی ئافره‌تان و چالاكوانان دژی یاسای نوێی باری كه‌سی.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه، 8ـی ئابی 2024، ئافره‌تان و چالاكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له نه‌جه‌ف دژی یاسای نوێی باری كه‌سیی عێراق خۆپیشاندانیان كرد، هاوكات لایه‌نگرانی گرووپه‌كانی سه‌ر به حه‌شد ڕووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌وه.
په‌یامنێری كوردستان24 له نه‌جه‌ف له‌م باره‌وه گوتی، دوای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لایه‌نگرانی گرووپه‌كانی سه‌ر به حه‌شد له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران، هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستوه‌ردانیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له په‌ره‌سه‌ندنه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا لایه‌نگرانی گرووپه‌كانی سه‌ر به حه‌شد هه‌ڕه‌شه‌یان له ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن بۆ ئه‌وه‌ی ڕووماڵی خۆپیشاندانه‌كه نه‌كه‌ن.
پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سیی، له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانتارانی عێراق كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به جۆرێك به‌شێك له په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌دان و به ده‌رچه‌یه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران و له‌خۆگرتنی منداڵان له دوای جیابوونه‌وه داده‌نێن. به‌شێكیش هه‌مواره‌كه به بۆمبی چێنراو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ناو ده‌بن و داوای ڕاگرتنی هه‌مواره‌كه ده‌كه‌ن.
له‌و باره‌وه ڕائید مالیكی، له لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان پێی وایه "گرنگترین ئه‌و بڕگانه‌ی هه‌موار ده‌كرێنه‌وه، ئازادیی ته‌واو بۆ تاكی عێراقی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات". به‌گوته‌ی مالیكی "یاسا پێشنیازکراوەکە بڕگەکانی ماددەی 41ـی دەستوور جێبەجێ دەکات، کە تێیدا هاتووە: عێراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسیی خۆیانەوە، بە پێی ئایین و مەزهەب و بیروباوەڕ، یان هەڵبژاردن و ئەمەیش بە یاسا ڕێک دەخرێت".
سه‌باره‌ت به به‌خێوكردنی منداڵ دوای جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، محه‌مه‌د خه‌فاجی، له لیژنه‌ی یاسایی گوتوویه‌تی، "ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له باره‌ی هه‌مواری یاساكه تایبه‌ته به مادده‌ی 57ـی په‌یوه‌ست به به‌خێوكردنی منداڵ." گوتیشی، هه‌مواره‌كه له چوارچێوه‌ی هه‌ڵكشانی حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، پاراستن و دادپه‌روه‌ری بۆ خێزان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
هەروەها له هه‌مواره‌كه‌دا پێشنیازی سه‌رپه‌رشتیی منداڵ، به هاوبه‌شی له نێوان دایك و باوك له ژینگه‌یه‌كی هاوسه‌نگدا كراوه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، یاساكه هه‌موار ده‌كرێته‌وه.