700 خانووی هاووڵاتییان لە دهۆک تاپۆکراون

پارێزگای دهۆک
پارێزگای دهۆک

لە پارێزگای دهۆک تاپۆکردنی خانووی هاووڵاتییان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 700 خانووی زێدەڕۆ تاپۆکراون، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییش دەڵێ: ئەوانەی ناتوانن پارەی تاپۆکردنەکە بدەن، بۆیان دەکرێت بە قیست تا کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان بکرێت.

شوکری خەلەف هاووڵاتییەکی سوودمەندبووی بڕیارەکەیە و دەڵێت: تەواوی مامەڵەکانی تاپۆکردنی خانووەکەی جێبەجێ کردووە دوای چەندین ساڵ خۆزگە خواستن بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی خانووی خۆی و لەسەر ناوی خۆی.

لوقمان عجیلیش هاووڵاتییەکی دیکەیەو دەڵێت: هەرچەند بڕیاری تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان گرنگە و خزمەتی هاووڵاتییان دەکات، بەڵام دەخوازین ماوەکەی درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵەکان جێبەجێ بکەن.

تا ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک، لەلایەن لێژنەی باڵاوە 707 خانوو تاپۆکراون، دوا بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی دهۆک، هەر خاوەن خانووەک کە ناتوانێت پارەکە بە یەکجار بدات بۆ تاپۆکردنی خانووەکەی، دەتوانێت بە قیست پارەکە بدات.

دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانی گوتی: زیاتر لە 10  هەزار خانووی زێدەڕۆ لە دهۆک هەیە و  زیاتر لە شەش هەزاریان مامەڵەی خۆیان جێبەجێ کردووە، دەشڵێت: ئەو ماوەیەی دیاری کراوە بۆ تاپۆکردنەکە درێژ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی تەواوی هاووڵاتییان بتوانن خانووەکانیان تاپۆ بکەن کە خانووی زێدەڕۆیین.

Fly Erbil Advertisment