کاردینال ساکۆ لە پێناو ئاشتی ناوچەکە پێشنیاز دەکات نوێژی هاوبەش لەنێوان مزگەوت و کڵێساکاندا بکرێت

K24 – هەولێر:
پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە مەرجەعەکانی کریستییان، ئیسلام و جووەکان بە یەکگرتوویی لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا بوەستنەوە کە داوای ڕق و تووندڕەوی دەکەن و تەپڵی جەنگ لێدەدەن.
کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان ڕایگەیاند: دوای دە ساڵ بەسەر تاوانەکانی داعش و ئاوارەبوونی کریستییانەکان و جینۆسایدی ئێزیدییەکان، هێشتا گەلانی ناوچەکە لە دۆخێکی ناسەقامگیر دەژین. لە خاکەکەدا کوشتن و ئاوارەبوون و کاولکاری و تیرۆرکردن هەیە. پەرەسەندنی جەنگ لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست لە لوتکەدایە.
سەرنجی خستە سەر ئەوەش، کە دەبێت مەرجەعەکانی ئایینی کریستییان، ئیسلام و جووەکان بە یەکگرتوویی لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا بوەستنەوە کە داوای ڕق و تووندڕەوی دەکەن و تەپڵی جەنگ لێدەدەن. هاوکات لە پێناو ئاشتی ناوچەکە پێشنیاز دەکات نوێژی هاوبەش لەنێوان مزگەوت و کڵێساکاندا بکرێت.
ناوبراو باسی لەوە کرد: "ئەگەر مرۆڤە ژیرەکان لە جیهاندا هەنگاو بۆ ڕاگرتنی ئەو توندوتیژییە بەردەوامە نەگرنەبەر، کە خەریکە ژیانی هەزاران کەس دەخاتە مەترسییەوە و ماڵوحاڵییان وێران دەکات، ئەوا ئەو کاتە ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر کارەساتباردا دەژین."
پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، دەڵێت: ڕاستە هەمووان ڕایدەگەیەنن کە دژی شەڕن، بەڵام خۆیان چەکدار دەکەن و شەڕ دەکەن. ئاشتی دەبێت پابەندبوونێکی ڕەها بێت. ئێمە گەلانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتردا دەژین و ناتوانین بە گۆشەگیری بژین. چارەسەر لە ڕێگای شەڕەوە بوونی نابێت.
هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە کاربکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری، بە زاڵبوون بەسەر خراپە و شەڕ، ئەویش بەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن. گوتیشی:" خودا ئێمەی دروست کردووە بۆ ئەوەی بە ئارامی و خۆشەویستی و شادی پێکەوە بژین."