لە بەسرە هه‌مواری یاسای باری كه‌سی ناڕه‌زایه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌

خۆپیشاندانی بەشێک لە هاووڵاتییانی پارێزگای بەسرە دژی هەمواری یاسای باری کەسی
خۆپیشاندانی بەشێک لە هاووڵاتییانی پارێزگای بەسرە دژی هەمواری یاسای باری کەسی

K24 – هەولێر:

هه‌مواری یاسای باری كەسی لە عێراق كاردانەوەی لێ كەوتووەتەوە و لە بەشێك لە شارەكانی عێراق ھاووڵاتییان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەڵێن: "كەسانێك لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دەیانەوێ كۆمەڵگە بەرەو ھەڵدێر ببەن."

ھاووڵاتییان دەڵێن: "داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەكەین واز لەو یاسایە بێنن بەڵكو بڕۆن یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان ھەموار بكەنەوە كە چوار ساڵە كەس لێی ناپرسێتەوە لە كاتێكدا ئەو یاسایە ھەموومان دەپارێزێت."

پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سیی، له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانتارانی عێراق كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ جۆرێك به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌دان و به‌ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران و له‌خۆگرتنی منداڵان له ‌دوای جیابوونه‌وه‌ داده‌نێن. به‌شێكیش هه‌مواره‌كه‌ به‌ بۆمبی چێنراو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ناو ده‌بن و داوای ڕاگرتنی هه‌مواره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

له‌و باره‌‌وه‌ ڕائید مالیكی، له ‌لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق پێی وایه‌ "گرنگترین ئه‌و بڕگانه‌ی هه‌موار ده‌كرێنه‌وه‌، ئازادیی ته‌واو بۆ‌ تاكی عێراقی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات". به‌گوته‌ی مالیكی "یاسا پێشنیازکراوەکە بڕگەکانی ماددەی 41ـی دەستوور جێبەجێ دەکات، کە تێیدا هاتووە: عێراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسیی خۆیانەوە، بە پێی ئایین و مەزهەب و بیروباوەڕ، یان هەڵبژاردن و ئەمەیش بە یاسا ڕێک دەخرێت".

سه‌باره‌ت به‌ به‌خێوكردنی منداڵ دوای جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، محهم‌مه‌د خه‌فاجی، له ‌لێژنه‌ی یاسایی گوتوویه‌تی، "ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ باره‌ی هه‌مواری یاساكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مادده‌ی 57ـی په‌یوه‌ست به‌ به‌خێوكردنی منداڵ." گوتیشی، هه‌مواره‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵكشانی حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، پاراستن و دادپه‌روه‌ری بۆ خێزان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.

هەروەها له ‌هه‌مواره‌كه‌دا پێشنیازی سه‌رپه‌رشتیی منداڵ، به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان دایك و باوك له ‌ژینگه‌یه‌كی هاوسه‌نگدا كراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، یاساكه‌ هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌.